ژیانى دایکێک لە مردن رزگارکرا
نەخۆشخانەی سۆرانی فێرکاری: هیچ کۆرپەیەک بەهۆى بایکۆتەوە گیانى لەدەست نەداوە
964+
وریا فەتاح
دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانێک سەبارەت بە بایکۆتی پزیشکان و کارمەندان لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری و گیانلەدەستدانی کۆرپەیەک، بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە لە روونکردنەوەیەکدا سەرجەم ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و وردەکاری رووداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، هیچ بایکۆت و مانگرتنێک لە ئارادا نەبووە و بەڵکو کارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوون، بەشێوەیەک تەنیا لە رۆژی رابردوودا 630 نەخۆش چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و 12 نەشتەرگەری گەورەش بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون.
سەبارەت بە کەیسی ئەو دایکەی کە کۆرپەکەی گیانی لەدەستداوە، نەخۆشخانەکە رایگەیاندووە کە نەخۆشەکە کاتژمێر 1:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ سەردانی کردوون و لەژێر چاودێری پزیشکدا بووە، بەڵام دواتر “بە بێ پرس و لەسەر داوای خۆی نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە.”
“دوای چەند کاتژمێرێک، نەخۆشەکە دووبارە دەگەڕێتەوە نەخۆشخانە و راستەوخۆ لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەگوازرێتەوە بۆ هۆڵی نەشتەرگەری کە دایکەکە کێشەیەکی زۆر دەگمەنی زگماکی لە منداڵدانیدا هەبووە بە ناوی (Uterine Didelphys) و پێشتریش چوار جار منداڵی لەبارچووە”، نەخۆشخانەکە وا دەڵێت.
باس لەوەشکراوە، هەموو کارێکی پێویست و زانستی و نەشتەرگەری گەورەى بۆ ئەنجامدراوە و ژیانی ژنەکە لە مردن رزگار کراوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دەگمەنی منداڵدانی ئافرەتەکە، کۆرپەکەی ناو سکی گیانی سپاردووە.
نەخۆشخانەکە ئەوەشی خستەڕوو کە هاوسەری نەخۆشەکە لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا ئامادە بووە و ئاگاداری بارودۆخەکە کراوەتەوە و دواتریش وەک دەڵێت،”زۆر سوپاسی پزیشک و کارمەندانی کردووە.”
نەخۆشخانەی سۆران ئامادەیی خۆی بۆ هەموو لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی دەربڕیوە.