ئاسان نییە یانەکانی عێراق ببنە پیشەگەر

گۆڤه‌ند عه‌بدولخالق: كه‌س ناتوانێت من په‌راوێز بخات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

گۆڤەند عەبدولخالق ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگه‌یاند، بارودۆخی یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌وه‌نده‌ خراپ نییه‌، كه‌ باس ده‌كرێت، ئاشكراشی كرد عێراق 5 ملیۆن یۆرۆ ده‌داته‌ ده‌سته‌ی لالیگای ئیسپانیا، بۆ ئه‌وه‌ی خولی عێراق بكرێته‌ پیشه‌گه‌ری.

گۆڤه‌ند عه‌بدولخالق مه‌سعود ئه‌ندامی یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراق، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا، كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19.2.2023 له‌ سۆشیال میدیای تۆڕی 964 هاته‌ بڵاوكردنه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراقی بڕیاره‌ 5 ملیۆن یۆرۆ بدات ده‌سته‌ی لالیگای ئیسپانیا، بۆ ئه‌وه‌ی خولی عێراق بكرێته‌ خولێكی پیشه‌گه‌ری و له‌م رووه‌وه‌ ئیسپانییه‌كان یارمه‌تی تۆپی پێی عێراق ده‌ده‌ن.

به‌ڵام وتی، ئاسان نییە یانەکانی عێراق ببنە پیشەگەر و ئه‌م كاره‌ زۆری ده‌وێت.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجییه‌كانی جامی كه‌نداوی 25، كه‌ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌چوو، ئاشكرای كرد “حکومەتی عێراق 33 ملیۆن دۆلاری بۆ جامی کەنداو خەرج کرد”.

سه‌باره‌ت به‌ هێنانی سیستمی ڤار بۆ یاریگه‌كانی عێراق، گۆڤەند ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا پێویستیان بە 25  ناوبژیوانە بڕوانامەی ڤار بەدەست بهێنن و ئینجا سیستمه‌كه‌ به‌كار بخرێت، چونكه‌ ئێستا ته‌نیا یه‌ك ناوبژیوان له‌ عێراق ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ی هه‌یه‌.

دۆخی یانه‌ی هه‌ولێر

گۆڤەند عەبدولخالق، كه‌ ئه‌ندامی پێشووی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌ی هه‌ولێره‌ و به‌ كه‌سێكی كاریگه‌ری پشت هاتنه‌سه‌ركاری ده‌سته‌ی ئێستای یانه‌كه‌ داده‌نرێت، سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخ و كێشه‌كانی ئێستای یانه‌كه‌ وت، “دۆخی یانەی هەولێر ئەوەندە خراپ نییە، كه‌ باس ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ئاستی یانەی هەولێر هیچی کەمتر نییه‌ لەو یانانەی لە پلەی یەکەم و دووەمدان”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، عەیبە دەستەی کارگێڕیی ئێستای یانەی هەولێر ئاوها ئەزیه‌ت بدرێن، بە شانازیشەوە بەشێک بووم لە نوێبوونەوەی یانەی هەولێر.

به‌ڵام وتیشی، خەڵکی هەولێر شایەنی ئەوە نین یانەکەیان ئاوا بێت.

گۆڤه‌ند كه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی پێشووی یانه‌كه‌ هه‌بوو، ده‌ڵێت، راسته‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی پێشوو هه‌بوو، به‌ڵام دانی پێداده‌نێم زۆر پەشیمانم یارمەتی دکتۆر کاروان کەمالم نەدا له‌ دواهه‌ڵبژاردنی یانه‌كه‌دا”.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ر لادانی ستافی ئێستا، كه‌ لیژنه‌یه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامه‌ خراپه‌كان و خه‌رجییه‌كانیان ده‌كات، گۆڤه‌ند ده‌ڵێت، “سوێند ده‌خۆم ده‌سته‌ی ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر زۆر پاكن، پێویستیش ناکات لاببرێن، چونكه‌ ئه‌وان به‌ هه‌ڵبژاردوون هاتوونه‌ته‌ سه‌ر كار”.

هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی داهاتووی خۆی له‌ ناوه‌ندی وه‌رزشی كوردستان و عێراق، گۆڤەند عەبدولخالق وتی “هیچ کەس ناتوانێت من پەراوێز بخات”.

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ سۆشیال میدیای تۆڕی 964 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.