لەسەردەمى پڕۆسەى ئاشتى
ئاهەنگی هاوسەرگیری کوردان لە باکوور؛ نمایشێکی کولتووریی زیندوو
964+
وریا فەتاح
لە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشدا لە پارێزگای هەکاری لە باکووری کوردستان، کوردەکان لە رێگەی ئاهەنگی هاوسەرگیریی گەورە و پڕ رەنگەوە، کولتوور و دابونەریتی خۆیان نمایش دەکەن. ئەم ئاهەنگە کە زیاتر لە 1200 کەس تێیدا بەشداربوو، تێیدا بە گۆرانى کوردى و هەڵپەڕکێ و جلوبەرگى کوردەوارى، سەرنجى میوانانى بەلاى خۆیدا راکێشا.
ئاژانسى هەواڵى فرانس پرێس دیمەنەکانى ئاهەنگەکەى گواستووەتەوە کە لە 12.7.2025 ئەنجامدراوە، بە خاترى قەدەر گونەرى بوک و جیهان کارتاڵى زاوا، کوڕ و کچان بە جلى کوردییەوە شایى دەکەن و خۆشى دەردەبڕن.
وەک ئاژانسەکە باسى کردووە، ئێستا بەهۆى پڕۆسەى ئاشتییەوە، ئاهەنگەکانى هاوسەرگیرى کوردان قەرەباڵغن و کوردان بە جلوبەرگى کوردى و گۆرانى کوردییەوە ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام دەڵێت: پێشتر وەک ئێستا نەبووە و زۆر جار پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەریان و بەشێکیانى لێ دەستگیر دەکردن.