لە رۆژھەڵاتی کوردستان گەنجێک بە گومانی نووسینی دروشم کوژرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆژی شەممە لە شاری سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان گەنجێکیان بە گومانی نووسینی دروشم لە دژی دەوڵەت، کوشت.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، موختار فەتحی، گەنجێکی خەڵکی سەقز لە کاتێکدا لەگەڵ دوو ھاوڕێی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، لە نزیک ماڵەکەی خۆی بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلێکی ھێزەکانی حکومەت لە مەودای دوو مەترەوە تەقەیان لە موختار فەتحی کردووە، کاتێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بووە و بەهۆی پێکرانی ملییەوە، گیانی لەدەستد اوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ناوەندە حکومییەکان گومانی ئەوەیان ھەبووە، موختار فەتحی لە شەوانی رابردوودا لە دژی حکومەت دروشمی نووسیوە و ناسراوەتەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو دەڵێت، پاش دوو سەعات لە رووداوی کوشتنەکە، ئەو ھێزانە بە خانەوادەی ئەو ھاوڵاتیەیان راگەیاندووە، بە ھەڵە کوشتوویانە و تەنانەت ھەڕەشەیان لە خانەوادەکەی کردووە، کە نابێت ھەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان بڵاو ببێتەوە و نابێت لەو بارەیەوە قسە بۆ میدیاکان بکەن