سنوورى زاخۆ

منداڵێکى پێنج ساڵان لە ئاوى خابووردا خنکا

964+

وریا فەتاح

بەرگرى شارستانى زاخۆ رایگەیاند، منداڵێکى تەمەن پێنج ساڵان لە ئاوى گۆڤگ لە قەزاى باتیفا، خنکا.

بەپێى راگەیەنراوەکە دوێنێ 18.7.2025، پەیوەندى بە ژوورى کۆنتڕۆڵى بەرگرى شارستانییەوە کراوە کە منداڵێکى تەمەن پێنج ساڵانى خەڵکى بەغدا، لە ئاوى گۆڤگ لە قەزاى باتیفا ونبووە و گومانى خنکانى لێدەکرێت.

وەک باسکراوە، هەر دواى گومانەکە تیمەکانى مەلەوانى زاخۆ و باتیفا دەستیانکرد بەگەڕان و بەیانى ئەمڕۆ شەممە، تەرمەکەى لە رووبارى خابوور(ناوچەى گۆڤگ)، دەرهێندرایەوە.

لە ئێستادا تەرمى منداڵەکە رەوانەى پزیشکى دادى زاخۆ کراوە.

جەمال هەسن، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـى وت،”تەرمەکە هى منداڵێکى تەمەن پێنج ساڵانە کە لە رەگەزى مێیە، لەگەڵ خێزانەکەى بۆ گەشت هاتوونەتە شوێنەکە، بەڵام ئێوارەى دوێنێ لە پڕ دیارنەماوەو ئەمڕۆ تەرمەکەى لە رووبارەکە دۆزایەوە”.

ئاشکراشى کرد، ئەمە چوارەم حاڵەتى خنکانە کە ئەمساڵ لە رووبارى خابوور لە سنوورى زاخۆ، رووبدات.

دوو هاوڵاتی لە سنووری کەرکوک خنکان

دوو هاوڵاتی لە سنووری کەرکوک خنکان