گەنجێکى رۆژهەڵاتى کوردستانە و پێنج رۆژە لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین بێ سۆراغە
لە مەرزى کێلێوە هاتووە
پێنج رۆژە گەنجێکى رۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان بێ سۆراغە
964+
وریا فەتاح
ماوەى پێنج رۆژە گەنجێکى رۆژهەڵاتى کوردستان کە لەمەرزى کێلێوە هاتووەتە هەرێمى کوردستان بێ سۆراغە.
سەرچاوەیەکى ئەمنى لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین بە 964ـى وت،”گەنجەکە ناوى بنیامین فەرامەرزە و کورى رۆژهەڵاتى کوردستانە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، دووشەممەى رابردوو بە رێگاى مەرزى کێلێوە و بەشێوەیەکى یاسایى هاتووەتە قەڵادزێ، بەڵام لەوکاتەوە بێ سۆراغە.
بەوتەى سەرچاوە ئەمنییەکە، باوک و کەسوکارەکەى بۆ سۆراغى هاتوونەتە سنوورى ئیدارەى راپەڕین و ئێستا کەیسەکەى لە یاریدەدەرێتى ئاسایشى راپەڕینە.
964 لە بەدواداچوونیدا، قسەى لەگەڵ ئێشکگرى ئاسایشى راپەڕین کرد، بەڵام بەبیانووى ئەوەى ئەمڕۆ هەینییە، ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک بدەن.
لاى خۆشییەوە عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین بە 964ـى وت،”ئاگادارى دۆسییەیەکى لەو شێوەیە نین، چونکە ئێمە ئەوەمان لەسەرە کە کەسێک دێت ئەگەر لایەنى یاسایى تەواو بوو رێگەى پێبدەین، دواتر لە حاڵەتى دیارنەمانى دۆسییەکەى دەچێتە لاى لایەنە ئەمنییەکان.