تەقەى لێکراوە
هێرشى درۆنى کرایە سەر پاڵاوگەیەکى نەوت لە شێخان
964+
هێڤى دێوالى
کەمێک لەمەوبەر، بەدرۆن هێرشکرایە سەر پاڵاوگەیەکى نەوت لە گوندى مغارا لە قەزاى شێخان.
سەرچاوەیەکى ئەمنى لە سنوورەکە بە پەیامنێرى 964ـى وتووە،”درۆنەکە کەمێک لەمەوبەر هێرشى کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکى نەوت لە گوندى مغارا و لەلایەن پاسەوانى پاڵاوگەکەوە تەقەى لێکراوە”.
بەپێى گرتەیەکى ڤیدیۆیى کە بۆ 964 نێردراوە، دەردەکەوێت کە پاسەوانەکان بەچەکى جۆرى دۆشکە رووبەڕووى درۆنەکە دەبنەوە.
بەپێى لێدوانى سەرچاوەیەکى فەرمى لە قەزاى شێخان، هەرکە دەنگى درۆنەکە لە قەزاى شێخان بیستراوە، پاسەوانەکان تەقەیان لێکردووە و دواتر درۆنەکە ئاراستەکەى گۆڕیوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە 17 رۆژدا ، 19 درۆنی بۆمبڕێژکراو رەوانەی کوردستان کراون، زۆربەی ئامانجی درۆنەکانیش کێڵگە نەوتییەکان، فڕۆکەخانە و هێزەکانی پێشمەرگە بوون، ئەویش لە ناوچەکانی زاخۆ، دهۆک، هەولێر، پردێ، سلێمانی و گەرمیان، خراونەتە خوارەوە یان نراون بە ئامانجەکانیانەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح