هاوسەر و منداڵەکانیشى
پزیشکێکى گەورەى عێراقى لە رووداوەکەى کوت گیانى لەدەستداوە
964+
وریا فەتاح
سەندیکاى پزیشکانى عێراق ئاشکراى دەکات، لە رووداوى ئاگرەکەى کوت، پزیشکێکى پسپۆڕى قوڕگ و لوت و گوێ، لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانى گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەنراوێکدا سەندیکاى پزیشکان رایگەیاندووە، خەمی قووڵی خۆمان بۆ کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت دەردەبڕین، توشى شۆک بوین بە گیانلەدەستدانی هاوکارمان دکتۆرە زەینەب غەرباوی و خێزانەکەی.
رووداوەکە ئەمڕۆ لە بیناى هایبەر مارکێت لە ناوەڕاستى شارى کوت روویداوە و دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە لە ژن و منداڵان و پیاوان و خەڵکانى بێتاوان.
وەک لە راگەیەنراوەکەدا خراوەتەڕوو، کۆمەڵگەى پزیشکى تووشى شۆک بووە و تاساوە بە گیانلەدەستدانى دکتۆرە زەینەب عەبدولحەسەن غەرباوی (پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ) کە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانیدا لەم کارەساتە دڵتەزێنەدا گیانیان سپارد.
سەندیکای پزیشکانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کارەساتە ناکرێت وەک رووداوێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکەرەوەی بەهێزە کە پێویستی بە جووڵەی بەپەلەی لایەنە باڵاکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی خۆجێی پارێزگای واست هەیە، بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و شەفاف لە هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوەکە، هەروەها دەرخستنی هەموو کەموکوڕییەکان و سزادانی بەرپرسان، بەبێ هیچ سازش و چاوپۆشییەک، هەر پلە و پۆستێکیان هەبێت.
“گیانی عێراقییەکان، بەتایبەتی کادیرانی تەندروستی کە هەمیشە گیانیان لەپێناو ئەرکەکانیاندا بەخشیوە، ئەمانەتێکە و دەبێت لە رێگەی سیاسەتی نیشتمانی کاریگەر و رێکاری توندەوە بپارێزرێت، تا مافی ژیانێکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ مرۆڤی عێراقی دابین بکرێت”، لە راگەیەنراوەکەدا وا هاتووە.