"لێکۆڵینەوە لەو هێزە دەکەین کە خێوەتەکەیان لابردووە"
رێبوار تەها: پشتیوانی لە داواکاری مامۆستایانی خوێندنی کوردی دەکەین
964+
شۆڕش قادری
پارێزگاری کەرکوک دەڵێت، پشتیوانی لە داواکاری مامۆستایانی خوێندنی کوردی دەکەن و لێکۆڵینەوەش لەو هێزانە دەکەن کە خێوەتەکەیان لابردووە.
نوسینگەی رێبوار تەها پارێزگای کەرکوک روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە گردبوونەوەکەی دوێنێی مامۆستایانی خوێندنی کوردی و هەڵگرتنی خێوەتەکەیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛
1- ئیدارەی کەرکوک پشتیوانی تەواوی داواکارییەکانیان دەکات، هەرچەندە چارەسەرکردنی موچە لە رووی ئیدارییەوە لەلای ئێمە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر هەوڵمانداوە کێشەکەیان چارەسەربکەین و چەندین نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردوە بۆ گواستنەوەی راژەیان بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی.
2- ئەنجامدانی گردبوونەوەش مافی خۆیانە بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانیان، بەڵام بەپێی رێکارەکان و دەرگای نوسینگەکەمان کراوەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی خۆپیشاندان و گردبوونەوە، پاراستنیشیان لە ئەستۆی هێزەئەمنییەکان دەبێت.
3- فەرمانمان کرد بە پێکهێنانی ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە دەرهەق بەو هێزانەی خێوەتی مامۆستایانیان هەڵوەشاندەوە.
دوێنێ دووشەممە 15.7.2025 بەشێک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دژی دواکەوتنی موچە لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک ناڕەزییان دەربڕی و خێوەتیان هەڵدا، دوای چەند کاتژمیرێک هێزێکی ئەمنیی چووە سەریان و خێوەتەکەیان لابرد.