رێگاکە دادەخەن

دانیشتووانی دۆڵی سماقوڵی مۆڵەتی دوو رۆژ دەدەنە بەرپرسانی کۆیە

964+

دەریا ئەحمەد – كۆیە

نوێنەرانی گوندەکانی دۆڵی سماقوڵی، بەهۆی کێشەکانی کەمیی کارەبا و هاتوچۆی بارهەڵگرەکانەوە، سەردانی ئیدارەی قەزای کۆیەیان کرد و مۆڵەتی 48 کاتژمێریان پێدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی داخستنی رێگای سماقوڵى دەکەن.

مامۆستا شاکر سماقوڵی، نوێنەری گوندەکان و سەرپەرشتیاری سەکۆی خۆپیشاندانەکانی دۆڵی سماقوڵی، بە 964ـی راگەیاند، “بە بەرپرسانی ئیدارەی کۆیەمان وتووە کێشەی کەمی کارەبای گوندەکانمان چارەسەر بکەن و رێگە لەو ژمارە زۆرەی بارهەڵگرەکان بگیرێت کە بەهۆی داخستنی رێگاکانی ترەوە، روویان لە ناوچەکەی ئێمە کردووە.”

وتیشی، “بەرپرسانی شارەکە بەڵێنیان داوە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا گرفتەکانمان چارەسەر بکەن، ئەگەرنا دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی سماقوڵی دەڕژێینە سەر شەقام و رێگاکە بەڕووی بارهەڵگرەکاندا دادەخەین.”

کەمیی کارەبا کێشەیەکی کۆنی گوندەکانی ئەو ناوچەیەیە و ساڵانە لە وەرزی گەرمادا دانیشتووانەکەی هەراسان دەکات، بەوتەى مامۆستا شاکر، داوایان کردووە کارەبا وەک پێشووترى لێبکرێتەوە، چونکە ئێستا 2 بۆ 4 کاتژمێر کارەباى نیشتمانیان پێدەدرێت لە 24 کاتژمێردا.

دۆڵى سماقوڵى رێگەیەکى سەرەکیی بەیەکەوەبەستنەوەى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕینە بە شارى هەولێر، بەڵام خراپیی رێگاکە و بوونى ژمارەیەکى زۆرى بارهەڵگر و تەنکەرى نەوت، کێشەى بۆ دانیشتوانى دۆڵەکە دروستکردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

رێگاى سماقوڵى کرایەوە

رێگاى سماقوڵى کرایەوە