هەندێک لە یەكی شەوەوە سەرەیان گرتووە
كارتی هەژماری من لە سلێمانی دابەش دەكرێت و بووە بە هەڵڵا و فەوزا
964+
دیلان محەمەدجەزا
وەرگرتنەوەی كارتی “هەژماری من” لە بانكی تانجەڕۆ لە سلێمانی، قەرەباڵغی زۆری دروست كردووە و بووە بە هەڵڵا و فەرتەنە، كارمەندانی بەرگریی فریاكەوتن كارتەكە وەردەگرنەوە.
ژمارەیەكی زۆری كارمەندانی بەرگریی فریاكەوتن، لە سلێمانی و چەمچەماڵ و خانەقین و چەند شوێنێكی دیكە چوونەتە سلێمانی بۆ وەرگرتنی كارتی هەژماری من، كە بەهۆیەوە موچەكانیان وەردەگرن، ئەوكاتەی دێت.
پرۆسەكە وەك 964 تێبینی كرد، بە ناڕێكی بەبێ سەرە بەڕێوەدەچێت، بۆیە لۆد و ناڕێكییەكی زۆر لە بەردەم بانكی تانجەڕۆ دەبینرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە دوو مانگ زیاترە موچە نەدراوە و “موچەخۆر و فەرمانبەران و پێشمەگەری كوردستان لە بارودۆخێكی خراپدان”، هەروەك یەكێك لەو كارمەندانە بە 964ی وت.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هیوا هەیە موچەكە بێت، كارمەندێك كە بە هۆی گەرماوە هیلاكی زۆری پێوەدیار بوو، بە 964ی وت، “ئەمڕۆ و سبەی موچە دێت، خوا كەریمە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا