دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە
كۆبوونەوەیەک بۆ كێشەی ئاو و كارەبا لە هەولێر بەڕێوەچوو
حكومەتی هەرێم دوو ملیار دیناری دیكە بۆ كێشەی ئاو تەرخان كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگای هەولێر ئەم ئێوارەیەی دووشەممە بڵاویكردەوە، لە سەر رەزامەندى سەرۆکى حکومەت، دوو ملیار دینارى دیکە وەک فریاگوزاری بۆ چارەسەرکردنى کەموکوڕى و گرفتەکانى ئاو تەرخان کرا.
لە راگەیاندراوێكدا پارێزگای هەولێر دەڵێت، بە سەرپەرشتى پارێزگار کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەری گرفتەكانی ئاو و کەمیى کارەباى نیشتمانى لە دەوروبەرى شارى هەولێر، ئەنجامدرا،
“له تەوەرى یەکەمى کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە چارەسەرییەکانى گرفتى کەمئاوى لە دەوروبەرى شارى هەولێر، پارێزگارى هەولێر جەختى لە دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ بیرەکانى ئاوى پاکى ماڵان کردەوە، هەروەها ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگاى راسپارد لە رێگەى تەنکەر ئاویان بۆ دابین بکرێت، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیشى راسپارد، کە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر نابێت کەمترین گرفت و کێشەی کەمی ئاو بمێنێت”، لە راگەیاندراوەكەدا وا هاتووە.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، بۆ ئەو مانگە لە سەر رەزامەندى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان مەسرور بارزانی، بڕی دوو ملیار دیناری دیکە وەک فریاگوزاری بۆ چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەموکوڕییە تەکنیکیەکان و نەهێڵانى گرفت و کێشەکانى سەرچاوەکانى ئاو تەرخانکراوە.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا باسی ئەوەش كراوە، لە بارەی کێشەى کەمى کارەبا لە دەوروبەرى شارى هەولێر و ئەو بڕەى کارەبا نیشتمانییەى کە بۆ سنوورى پارێزگاى هەولێر تەرخان کراوە، پارێزگارى هەولێر، جەختى لەوە کردەوە کە ئەگەرچى لەم وەرزەدا گرفتى بارزۆرى هەیە لەسەر تۆڕى کارەبا، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەبێت لەلایەن کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى ناوەندى هەرێم و وەزارەتى کارەبا، پشکی کارەباى هەولێر وەک ئەوەى کە بەشى شارەکەیە بەبێ لێبڕین و وەک خۆى دابین بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیى کۆنتڕۆڵ و گەیاندنى کارەباى هەولێرى راسپارد، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە بە تایبەتى لە دەوروبەرى شارى هەولێر، کە هێشتا پڕۆژەى رووناکیان پێنەگەیشتووە و کارەباى نیشتمانیان نەبووەتە 24 کاتژمێرى، بە شێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازى ئەو بڕە کارەبایە، لەو ناوچانە دابەش بکەن.
چەند رۆژێكە بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبا و كەمیی ئاو لە هەندێك ناوچەی جیاجیای هەولێر و دەوروبەری، خۆپێشاندان و گردبوونەوەی هاوڵاتیان روویداوە و هەر بەم هۆیەشەوە شەوی رابردوو لە وەرتێ هاوڵاتییەك لە رووبەڕووبوونەوەی هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان كوژرا.