ئاسەواری برینی شوانکارەکە - وێنە: 964
برین لە دەست و قاچی هەیە
لە بەرواری باڵا ورچ پەلاماری شوانێکی دا و خۆشی هەڵات
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
ورچێک، شوانکارێکی گوندی ئورە لە دەڤەری بەرواری باڵا بریندار دەکات، تەندروستی قەزای ئامێدێش دەڵێت، چارەسەری سەرەتایی بۆ شوانکارەکە کراوە و رەوانەی پارێزگای دهۆک دەکرێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.7.13، شوانکارێک بەناوی “هشیار ساڵح”، کە سەرقاڵی کاری شوانکاری بووە و مەڕەکانی بردووەتە بناری چیای ستوینا لە گوندی ئورە، لە ناکاو رووبەرووی ورچێک بووەتەوە، ورچەکە هێرشی کردووەتە سەری و لە قاچ و دەستی ئاسەواری برین هەیە.
مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی بە 964ـی وت، شوانکارەکە تەمەنی 52 ساڵە و خەڵکی گوندی ئورە، گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی روزانا لە ناحیەی کانی ماسێ، کە ورچێک هێرشی کردووەتە سەری و بەسەختی برینداری کردووە.
ژمارەیەک وێنە گەشتوون بە 964، دەردەکەوێ لە دەستی و قاچی ئاسەواری برینی قوڵ هەیە، لەوێ تیمەکان چارەسەری سەرەتاییان بۆ کردووە، جێگری تەندروستی ئاکرێ وتی، دواتر رەوانەی پارێزگای دهۆک دەکرێ، بەهۆی ئەوەی لە چەندین شوێنی جەستەی برینی سەخت هەیە و پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێ.
دوای رووداوەکە ورچەکە دیار نەماوە، خەڵک پێیان کراوە بریندارەکە بگوازنەوە نەخۆشخانە، گوندی ئور دەکەوێتە دەڤەری بەرواری باڵا، لە ناحیەی کانی ماسێ لە سنووری قەزای ئامێدی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا