دیمەنێک لە گوندی گۆپتەپە - وێنە: 964
دوو تا سێ رۆژی دەوێ
موەلیدەکەی گۆپتەپە ئیش ناکات؛ گیانیان بە کزەبایەکە ئەگەر هەبێ
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
بەرزی پلەکانی گەرما و زۆر کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان، هۆکارە بۆ ئەوەی زۆربەی کات تووشی حاڵەتی نەخوازراو ببنەوە و زەرەرمەندی یەکەمیش لەو دۆخە هاوڵاتییانن کە بێ کارەبا دەبن و گەرماکەش لەولاوە یەخەیان دەگرێ.
بەهۆی سووتانی “بزوێنەری” موەلیدەی ئەهلی گوندی گۆپتەپە لە ناحیەی ئاغجەلەر، زیاتر لە 300 ماڵ و 10 مارکێت بێ کارەبا بوون، رەنگە دوو تا سێ رۆژی دیکەش بخایەنێت تا چاک دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13.7.2025، هاوکار نامیق، خاوەن موەلیدەی ئەهلی لە گوندی گۆپتەپە بە 964ی وت، موەلیدەکەیان، بەهۆی زۆری کارکردنی رۆژانەوە و بەردەوام بزوێنەرەکەی سووتاوە، ئێستا سەرقاڵی چاککردنین، بەڵام نازانن کەی چاک دەبێتەوە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بەرگەی ئەم گەرما بەتینە بگرن، تا کارەبایان بۆ دەگەڕێننەوە.
گەرمای زۆر و بەتین هۆکارە بۆ ئەوەی بزوێنەر یان پارچەی زۆرێک لە موەلیدە ئەهلییەکان تووشی گرفت ببێت، پێشڕە و هیوا دانیشتووی گوندەکەیە ئەو بە 964ی وت، کاتژمێر 2:00ی شەو، لە گەرمەی خەوداین کارەبای نیشتیمانی دەبڕێت، ئەوە حاڵ نییە ئێمە هەمانە، موەلیدەکەش تا زوو چاک بکەنەوە باشترە، ئێستا تاکە بەدیلی ئێمەیە.
بەشێک لە ماڵەکانی گوندەکە موەلیدەی بچووکیان هەبێ هەڵیان کردووە و کارەبایان هەیە، ئەوانی دیکە هاتوونەتە دەرەوە لە ژوورەکان تا کزە هەوایەک لێیان بدات، ئەگەر هەبێ.
گوندی گۆپتەپە بەدووری 14 کیلۆمەتر دەکەوێتە ناحیەی ئاغجەلەر لە چەمچەماڵ، زیاتر لە 300 ماڵی لێ نیشتەجێیە و بژێوی سەرەکیان بەخێوکردنی پڕۆژەی حەوزی ماسی و هەبوونی کێڵگەی پەلەوەری و کاری کشتوکاڵییە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا