دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوە

پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە بۆ ئاشتی بەڕێوەدەبرێ؛ سێیەم جارە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ هەینی، گروپێكی گەریلاكانی پەكەكە رێورەسمی سیمبولی چەکدانان بەڕێوەدەبەن، ئەمە سێیەم هەنگاوی کردارییە بۆ پڕۆسەی ئاشتی، مەزەندە وایە 30 بۆ 40 گەریلا بەشداری چەکدانانەکە بکەن.

دوای خەباتێکی 47 ساڵە، دواجار لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان، پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دوو بڕیاری دا، خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان.

ئەم دوو بڕیارە لە 12-یەمین کۆنگرەی ئەو حزبەدا کۆدەنگی لەسەر بووە و رۆژی دووشەممە 12.5.2025 راگەیاندنی رەسمیی پەکەکە بڵاویکردەوە، کاردانەوەکانیش زۆربەیان ئەرێنین و پشتیوانیی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نیودەوڵەتی بەدواداهاتووە، وە ترس هەیە لەوەی بەدەنگەوەچوونی حکومەتی تورکیا بەو شێوەیە نەبێت، کە بانگەوازخوازانی ئاشتی تەمەننای دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆما جڤاكێن كوردستان “كەجەكە”، بۆ ئەم پڕۆسە نوێیە یەكەم  ریورەسمی چەکدانانی چەكەكانی گروپێكی گەریلاكانی پەكەكە ئەمڕۆ هەینیی لە هەرێمی كوردستان، “کە سنووری پارێزگای سلێمانین” بەڕێوەدەچێت، ئەوەش لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی حزبەكە.

پەکەکە دوو ئەزموونی دیکەی لە ساڵانی 1999 و 2009 هەیە، جارێک لە تورکیا و جارێک لە ئەوروپا پڕۆسەی چەکدانانی بۆ ئاشتی ئەنجامداوە، بەڵام سەرجەمی ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان بە نیەتی ئاشتی دانا، دەستگیرکران و راپێچی زیندان کراون.

ئێستا “پەکەکە” دەیەوێ، هەڵوەشاندنەوەی خۆی وەک پارتێکی چەکدار و هەڵوەشاندنەوەی کۆمیتە بەرگرییەکەی، بە هەنگاوی کرداری نیشانی رای گشتی بدات، پێشتر، سەرچاوەیەکی باڵا، لە “کەجەکە”ی باڵی سیاسی “پەکەکە”، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بۆ ئەو هەنگاوە کرداریی و چەکدانانە هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، رەنگە لە قەندیل بێت.

لە ساڵی 1978، پەکەکە لەلایەن ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی ئەنقەرەوە دامەزرا، بە ئامانجی سەرەکیی رزگارکردنی کورد لە رێگەی خەباتی چەکدارییەوە، ئەوان ئۆجەلان، کە خوێندکاری زانستە سیاسییەکان بوو وەک رێبەر هەڵبژارد، کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980ی تورکیا، پەکەکە و سەرکردەکەی ناچارکرد روو لە سووریا و لوبنان بکەن، دواتر لە ساڵی 1984دا، پارتەکە دەستی بە خەباتی چەکداری کرد.

ئەردۆغان: هیوادارم چەکدانانی پەکەکە بەبێ گرفت تێپەڕێت

ئەردۆغان: هیوادارم چەکدانانی پەکەکە بەبێ گرفت تێپەڕێت