هاوسەرەکەی و دوو منداڵی نەخۆشن

ژنێک و کچەکانی لە وەرتێ شەڕ بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان دەکەن

+964

ئاکام غەفور- سۆران

ژنێکی ناحیەی وەرتێ لەگەڵ سێ کچەکەی ملیان داوەتە بەر قورسی ژیان، دوو ساڵە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، بە دار و ئاگر نانی تیری دەکەن و دەیفرۆشن.

بوونی منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆشێکی درێژخایەن و نەخۆشکەوتنی پیاوی ماڵەکە، ئەو ژنەی ناچار کردووە بیر لەوە بکاتەوە لە شوێنی پیاوەکەی هەوڵبدات، لە سووجێکی باخچەی ماڵەکەیاندا نانی تیری دەکەن.

گەوهەر عەبدوڵا، بۆ 964 دەڵێت، لەبەر خراپیی بژێوی ژیان بڕیارمدا لەگەڵ کچەکانم ئەم کارە بکەین، خەڵک و دوکاندار داوای دەکات و ئێمەش بۆیان دروست دەکەین، جاری واهەیە دوو رۆژ لەسەر یەک نان دەکەین و جاریش هەیە لە سێ رۆژ، رۆژێک نان دەکەین، هەرجارێکیش نان بکەین لە 150 نان تا 300 نان دروست دەکەین بەپێی داواکاری موشتەریەکانمان.

وەک ئەوەی گەوهەر باسی دەکات، ئەوان بە ئاگری دار نان دەبرژێنن، ئەمەش وایکردوە بازاڕێکی باشتریان هەبێت و خەڵک زیاتر خواستی لەسەر ئەم جۆری نانەیە بەراورد بە نانی ئاگری غاز، نانەکەش جوانتر و ناسکترە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا