مام حاجیەک لە سلێمانی

40 ساڵە براکەی ونبووە و ئێستاش بە کوڵ بۆی دەگری

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ئەمڕۆ لیژنەیەک لە بەغدادەوە هاتوونەتە سلێمانی بۆ وەرگرتنی نمونەی خوێن و چەند نمونەیەکی دیکە تایبەت لە کەسوکاری ئەو 50 گەنجەی لە ساڵی 1985ـەوە بێسەرو شوێنن.

یەکێک لەوکەسانەی کە لەوێ برایەکیی 40 دانە ساڵە ونبووە مام حاجیەیەکە و هێشتا بەکوڵ دەگری بۆ برا ونبووەکەی.

حەمە ئەمین محەمەد کەریم کەس و کاری بێ سەرو شوێن بە 964ـی وت، لە ساڵی 1985 ەوە برا 17 ساڵانەکەی دەستگیر کراوە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە و تا ئەم ساتە سۆراغی نازانن.

باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ هاتووە تا نمونەی جەستەیی لێوەربگیرێت و تا ئێسک و پروسکی براکەی بۆ بدۆزنەوە.

مام حەمە ئەمین ئەوەندە بە سۆزەوە باسی براکەیی و سۆراغەکانی دەکات ناڵێی ماوەی ونبوونەکەی 40 ساڵە بە شێوازێک دەگری کە پەیامنێری 964ـیشی لەگەڵ خۆی خستووەتە گریان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی