سروشتی باڵەکایەتی تێکداوە
شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاکی قەزای چۆمان گونجاو نییە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە دوای کارێکی 964 لەسەر شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاکی قەزای چۆمان، فەرمانگەی ژینگە بەدواداچوونی کرد و دەڵێت، لە رووی ژینگەییەوە بە هیج جۆرێک شوێنەکە بۆ زبڵخانە گونجاو نییە.
شوێنەکە دەکەوێتە قوبەی گەڵاڵە لە نزیکی قەزای چۆمان، لایەکی رێگای هامڵتۆن و رووباری گەورەی باڵەکایەتیە، لایەکی تری سروشتی ناوچەکەیە، جگە لە بۆنە ناخۆشەکەی ژینگەی ناوچەکەی شێواندووە.
هەژار ماهیر بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی وت، بە مەیدانی سەردانی زبڵخانەی چۆمانمان کرد، شوێنەکە بە هیج جۆرێک گونجاو نییە، هەم لەسەر رێگای سەرەکیە هەم ئەو زبڵ و خاشاکە لەگەڵ رەشەبا دەچێتە ناو رووبار جگە لەوەی هەرچی داری ئەو ناوەیە بە نایلۆن تەنراوە.
وتیشی، یەکە ئیداریەکانی قەزای چۆمانمان ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە بە زوترین کات شوێنەکە دابخرێت و چیتر زبڵ و خاشاک لەوێ فڕێ نەدرێت.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە زبڵ و خاشاکی کۆکراوەی قەزای چۆمان لەو شوێنە فڕێ دەدرێت، نە ژێر خاک دەکرێت نە شوێنەکە تەلبەند کراوە، لە دوای فڕێ دانی بە ناو سروشتی ناوچەکەدا بڵاو دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی