هاوڵاتيیان ئەرکى دروستکردنى تابلۆکەیان گرتە ئەستۆ
گەرمک هێمای خۆشەویستی دانا
964+
محەمەد فاتیح
وەك زۆربەی ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، هێمای خۆشەویستی لە ناحیەى گەرمکيش جێگیرکرا و دوکاندار و پیشەوەری ناحیەکە ئەرکى دروستکردنى تابلۆکەیان گرتە ئەستۆ.
سەرۆکایەتى شارەوانی گەرمک هێماى خۆشەویستى لەبەردەم باخچەی گەورەی شارۆچکەکە بە بەرزى مەتر و نیوێک و درێژى نۆ مەتر جێگیرکرد کە وێنەى دڵێک و (رستەى خۆشم دەوێى گەرمک)ە بە زمانى ئینگلیزى.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی رونیكردەوە دانانى ئەم هێمایە پەیامى خۆشویستن و رێزگرتن و پاراستنى شارۆچکەکەى لەخۆگرتووە و ئامڕازێکە بۆ هاندانى دانیشتووانى گەرمک تاکو هۆگريى و پەیوەستبوونیان بە شارۆچکەکەیانەوە زیاد بکات و سروشت و ژینگەکەى بپارێزن.
“لە ناوەڕۆکدا دانان و جێگیرکردنى سیمبوڵ و هێما و پەیکەرتاشى و كاره هونەرییەکان ئاماژەگەلێکى هۆشیاريى و مەعریفى لەخۆدەگرن، بە رامان و ووردبوونەوە لێیان کاریگەرى لەسەر هزر و خەیاڵى هاوڵاتى جێدەهێڵێت”.
سەرۆکایەتى شارەوانى گەرمک دەڵێت، “دوای پێشنیارى سەروەر شێخ عبداللە سەرۆکی شارەوانی، بە سوپاسەوە 10 دوکاندار و پیشەوەری ناحیەکە ئەرکى دروستکردنى تابلۆکەیان گرتە ئەستۆ”.