بریکاری وەزارەتی پەروەردە بۆ 964:

لە ئان و ساتدا ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى پۆلى 12 رادەیەگەیەندرێت

964+

وریا فەتاح

هیچ وادەیەکى دیاریکراو نییە بۆ راگەیاندنى ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى پۆلى 12ـى ئامادەیى، بەڵام بەرپرسانى وەزارەتى پەروەردە دەڵێن،”راگەیاندنەکەى لە ئان و ساتدایە”.

د. سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 964ـى وت،” کاری وردبینی و رێکخستنی نمرەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـى ئامادەیی بەردەوامە و ئەنجامەکان بە دڵنیاییەوە لە هەفتەیەک کەمتردا رادەگەیەنرێن”.

بریکاری وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کرد کە هیچ وادەیەکی دیاریکراو و ورد بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکان دانەنراوە، بەڵام پێشبینی دەکەن لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بێت، وەک دەڵێت:”لەوانەیە سبەینێ، ئەمشەو، یان دوو سبەی بێت، بەڵام بێگومان لە هەفتەیەک تێپەڕ ناکات”.

115 هەزار و 787 قوتابى بەشداریان لە تاقیکردنەوەکانى پۆلى 12 کردووە

بەپێی ئامارەکان، 115 هەزار و 787 قوتابی و خوێندکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە. سەیوان فەرەج جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی رێکخستنەوەی ئەنجامی ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکاران کاتی دەوێت.

“ئێمە دەبێت نمرەکان رێکبخەینەوە، بزانین چەند خوێندکار دەرچووە و چەند ماوەتەوە، هەروەها وردبینی لەوە بکەین کێ لە چەند وانە تاقیکردنەوەی کردووە یان نا. ئەم کارانە کاتیان دەوێت و تیمەکانمان بەردەوامن”، بریکارى وەزارەتى پەروەردە واى وت.

سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان، وتی”وەک پار ساڵ نابێت، ئەمساڵ هیچ مەراسیمێک ناکەین و ئەنجامەکان تەنیا لە رێگەی سیستمی ‘ئی-پەروەردە’وە بەردەست دەبن.”

ئەمساڵ یەکەم و دووەم و سێیەم پۆلى 12 راناگەینرێت

ئەمساڵ یەکەم و دووەم و سێیەم پۆلى 12 راناگەینرێت