هەیە سەرمایەی خۆی بە رۆژنامەنووس بڵێت؟
فاروقی مەلا مستەفا: راست نییە من دووەم نیم و دەوڵەمەندی زۆر گەورە هەیە خۆی دەرناخات
964+
ژووری هەواڵ
فاروقی مەلا مستەفا بە پێکەنینەوە دەڵێت: هێشتا فریا نەکەوتووم سەرمایەکەم بژمێرم، بەو قسەیەش قایل نییە کە ئەو دووەم دەوڵەمەندترین سەرمایەداری کوردستان بێت.
ئەمڕۆ لە سلێمانی پرۆژەی ”دەروازە کۆڕنیش” کرایەوە، یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و دیارەکانی سلێمانی لەسەر چەمی قلیاسان، زۆربەی رووخسارە دیارەکانی شار لەوێ بوون، یەکێک لەوانە فاروقی مەلا مستەفا سەرمایەداری دیار و بەناوبانگی کوردستان بوو.
دیلان محەمەد جەزا پەیامنێرە بزێوەکەی 964 زوو خۆی گەیاندە لای فاروقی مەلا مستەفا و لێی پرسی پرۆژەی تازە و قسەی خۆش چییە بۆ شار، ئەویش دیاربوو نەیویست هیچ بڵێت بۆیە لە شوێنێکی تر وەڵامی دایەوە و وتی: ”قسەی خۆش؟، وەڵام ئەم داوەتە تەسەروم دەکرد بەرنامە و قسەی خۆشی تیابێت و تۆزێک پێبکەنین”.
چەند ساڵێکە فاروقی مەلا مستەفا باسی ئەوەی کردووە کە بە نیازی پرۆژەیەکی گەشتیاری گەورەیە لە دوکان و لای حکومەت کارەکەی ناڕوات، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا وتی ”ئەوە لە جەنابی کاک قوباد بپرسن”.
کاتێک پرۆژەی ئەندەرپاسی فاروق لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو کرایەوه، دیلان لە فاروقی مەلا مستەفای پرسی سەرمایەکەت چەندە، ئەوکات وتی نەمژماردووە، ئەمڕۆ پرسیارەکەی بە بیر هێنایەوە، ئەویش بە پێکەنینەوە وتی ”فریانەکەوتم سەرمایەکەم بژمێرم، کەس هەیە سەرمایەی خۆی بە رۆژنامەنووس بڵێت؟”
سەبارەت بە ریزبەندی سەرمایەدارەکانیش فاروقی مەلا مستەفا ئەوەی رەتکردەوە ئەو دووەم بێت و وتی ”دەوڵەمەندی زۆر گەورە هەیە خۆی دەرناخات، دەترسن ببن بە چاوەوە”.
فاروقی مەلا مستەفا: نازانم سەرمایەكەم چەندە و حیسابم نەكردووە