ستافی پەیمانگاكە گەیشتوونەتە هەرێم
پەیمانگایەكی ئیتاڵی پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی بۆ گوندنشینەکانی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ
964+
محەمەد فاتیح
بەپاڵپشتی پەیمانگەی نێودەوڵەتی (سیهام باری) پڕۆژەی (KORES) بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی زنجیرەی بەهای زەیتی زەیتون له ناوچە گوندنیشینەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاویكردەوە دوابەدوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لەگەڵ پەیمانگەی نێودەوڵەتی (سیهام باری) لە ولاتی ئیتالیا، بە خۆشحاڵیەوە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژە (KORES) بۆ گەشەپێدانی ناوچە گوندنیشینەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پەرەپێدانی بەردەوامی زنجیرەی بەهای زەیتون و زەیتی زەیتون، دەستیپێکرد.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، “خۆشحاڵین بە گەیشتنی ستافی ئەکادیمی و تەکنیکی پەیمانگە ئیتاڵییەكە بۆ هەرێمی کوردستان و دەستبەکاربوونیان لەگەڵ تیمە تەکنیکەکانی وەزارەت، بەمەبەستی پێشخستن و بەرهەمهێنانی زەیتون و زەیتی زەیتون و بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتوویی باخداری، لە رێگەی بەرزکردنەوەی تواناکانی فەرمانبەران و جوتیاران و خاوەنکارانی بواری زەیتون”.
وتيشى، “بەتەواوبوونی سەرجەم قۆناغەکانی ئەم پڕۆژەیە لەماوەی سالێکدا دەتوانین بلێین هەرێمی کوردستان لە بواری بەرهەمهێنانی زەیتون و زەیتی زەیتون و بەپیشەسازی کردن و بە بڕاندکردن و بازاڕسازی و بەرزکردنەوەی کواڵێتی تەرزەکانی زەیتون و ئاشناکردنی جوتیارانی خاوەن باخەکانی زەیتون، هەنگاو دەنێت بۆ وەرچەرخانێکی زێڕین و مێژوویی، کە لە داهاتوو خۆی دەبینێتەوە لە بە کەلتورکردنی چاندن و بەرهەمهێنانی زەیتون بەشێوەیەکی ستراتیژی و بەرفراوان”.
“ئەم پڕۆژەیە راستەوخۆ لە لایەن پەیمانگەی نێودەوڵەتی (سیهام باری) لە ولاتی ئیتالیاوە پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی و راوێژکاری دەکرێت بەمەبەستی سەوزکردنی ژینگەی کوردستان و روبەرووبوونەوەی گۆرانکارییەکانی کەش و هەوا و بایەخدانی زیاتر بە ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدانی زنجیرەی بەهای زەیتون لە هەرێمی کوردستان”.