25 تۆن بەرهەم دەخاتە بازاڕەوە
کارگەى دۆشاوى تەماتەى هەریر؛ رۆژانە 100 تۆن تەماتە لە جوتیاران وەردەگرێت
964+
ئاکام غەفور- سۆران
کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، جگە لە ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران، هەلی کاری بۆ نزیکەی 50 کەس بەشێوەی راستەوخۆ و بۆ زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بە ناڕاستەوخۆ رەخساندووە.
کارگەکە رۆژانە زیاتر لە 100 تۆن تەماتەی جوتیاران وەردەگرێت و 25 تۆن دۆشاوی تەماتەش دەخاتە بازاڕەوە
شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەکە بە 964ـى وت،” تەماتەی ناوخۆ لە تام و رەنگدا نایابە، بەڵام لە رووی بازرگانییەوە گونجاو نییە بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانى دۆشاوى تەماتە، چونکە لە حەوت کیلۆ تەماتە تەنها یەک کیلۆ دۆشاوی لێ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر تەماتەى بازرگانى بوایە لە چوار کیلۆ یەک کیلۆ دۆشاوى لێ بەرهەمدەهات”.
وەک باسى دەکات، مانگانە زیاتر لە 100 تۆن دۆشاو هەناردەی دەرەوە دەکرێت و کارگەیان تاکە کارگەی خۆراکی عێراقە کە مۆڵەتی هەیە بەرهەمەکانی بگاتە ئەمریکا، بەڵام ئێستا بەهۆی باجەوە هەناردەکردنی بۆ ئەو وڵاتە راگیراوە.
کارگەی دۆشاوی هەریر لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروستکراوە، پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەتە و لە ساڵی 2021ـەوە دەستی بە کارکردن کردووەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح