شارەوانی دەربەندیخان بۆ پاراستنی ژینگە كامێرای چاودێری بەكاردەهێنێت - وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی
لافیتەی ئاگادارکردنەوەش هەڵواسراوە
لە دەربەندیخان ناتوانی بەکەیفی خۆت زبڵ فڕێ بدەی، کامێرات لەسەرە و سزا دەدرێی
964+
شۆڕش قادری
لە دەربەندیخان بۆت نییە بە کەیفی خۆت زبڵ و خاشاک فڕێ بدەی، کامێرات لەسەرە و بێ یەک و دوو سزا دەدرێیت، لیژنەی زیادەڕۆیی سەرۆكایەتی شارەوانی، بەمەبەستی راگرتنی پاک و خاوێنی قەزاكە، هەندێک شوێنی خستووتەوە ژێر چاودێری كامێراوە و لافیتەی ئاگاداكردنەوەشی لە شوێنەکان هەڵواسیوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، شارەوانی دەربەندیخان لەنوێترین چالاكی خۆیدا، تێرمیناڵی كۆنی سلێمانی لە خۆڵ و خاشاك پاككردووەتەوە و پاشان كامێرای چاودێری و ژینگەپارێزی تێدا جێگیركردووە، لە هەمان کاتدا لافیتەیەكی ئاگاداركردنەوەی لەشوێنەكەدا هەڵواسیوە كە لەسەری نوسراوە؛ “تكایە خۆڵ و خاشاك لەم شوێنەدا فڕێ مەدەن، بەپێچەوانەوە توشی سزای یاسایی و غەرامە دەبنەوە، بۆ ئاگاداریتان ئەم شوێنە لەژێر چاودێری كامێرادایە”.
دانانی كامێرا میكانیزمێكی نوێی شارەوانییەكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانییە بە ئامانجی سنورداركردنی دیاردەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك لە شوێنە گشتییەكان و پاراستنی زیاتری ژینگەی قەزا و ناحیەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی.
پێشتریش لەسەر رێگای قەزای دەربەندیخان بۆ سەیرانگای ژاڵەناو، کامێرای چاودێری دانراوە بۆ ئەو کەسانەی لەو رێگایە زبڵ و خاشاک فڕێدەدەن، ھەرکەس ئەو کارە بکات سزا دەدرێت.