گەنمی جوتیارێکی کوردستان - وێنە؛ 964
بە چەند مەرجێک
گەنمی ماوەی جوتیارانی ناوخۆی کوردستان وەردەگیرێت
964+
شۆڕش قادری
گەنمی ماوەی جوتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە چەند مەرجێک وەردەگیرێت، بۆ هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک 550 هەزار دینار و بۆ گەنمی پلە دووـش بڕی 525 هەزار دینار ورەدەگرن.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندیداوە لەسەر کۆنووسی پێشنیارکراوی لێژنەی بالای تایبەت بە ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بەپێی ئەو بڕە گەنمەی کە ماوە لە کوردستان، بەمەرجێک بەپێی تایبەتمەندی عێراقی بێت.
بۆ هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک نرخەکەی 550 هەزار دینار و بۆ گەنمی پلە دوو بۆ هەر تۆنێک بڕی 525 هەزار دینار دیاریکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت جوتیار پشتگیری بنکەی کشتوکاڵی و بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی پێبێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمار کرابێت، هەروەها پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە لە ماوەی یەک مانگ و لە 15ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات، شایستە داراییەکانی جوتیارانیش لە ماوەی دوو مانگ دەبێت لە بەرواری وەرگرتنی گەنمەکە.
وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاندووە، ئەو پڕۆسەیە لە لایەن پڕۆژەی نیشتیمانی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەلایەن هەر دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لەسایلۆکانی (خۆشناو و قەیوان) جێبەجێدەکرێت، بە چاودێری و هەماهەنگی لێژنەی بالای وەرگرتنی گەنمی ناوخۆی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، وەک پاڵپشتیەک بۆ ساغکردنەوەی ئەو بڕە گەنمەی جوتیاران لەدوای پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی عێراق دیاری کرابوو، کە بەشی هەرێمی کوردستانیش لەو پڕۆسەیە تەنها 400 هەزار تۆن بوو.