باوکى ئاڤێستا: ئینشائەڵا خواى گەورە دەمانداتەوە

دواى 91 رۆژ؛ گەڕان بۆ دۆزینەوەى تەرمى ئاڤێستا کۆتایى هات

964+

ئاکام غەفور – سۆران

91 رۆژ بەسەر خنکانى مامۆستا ئاڤێستا تێدەپەڕێت و ئەمڕۆ تیمەکانى بەرگرى شارستانى کۆتاییان بە گەرانەکانیان هێنا، باوکى ئاڤێستاش بە 964ـى وت،”دواى پشوویەک دەگەڕێمەوە، چونکە من واز لەو رووبارە ناهێنم”.

مام یوسف باوکى ئاڤێستا کە لە ماوەى 91 رۆژى رابردوودا زۆربەى کاتەکانى لەسەر رووبارى تەنگاتور بەسەر بردووە و بەدیار شەپۆلەکانى رووبارەکەوە لە چاوەڕوانى ئاڤێستا ریشى سپى درێژ کردووە، ئەمڕۆ قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”91 رۆژە تیمەکانى بەرگرى شارستانى و دانیشتوانى سنوورى بارزان پێمانەوە هیلاکبوون، ئەمڕۆ کۆتایى بە گەڕان دێت و مەمنونى هەموویانم و هیلاکمان کردن”.

“پشوویەک وەردەگرم و من دەگەڕێمەوە بۆ رووبارەکە، تازە من واز لەو رووبارە ناهێنم و پارچەیەکى جگەرم لێرە جێماوە، بەڵام نائومێدنیم و ئینشائەڵا خواى گەورە ئاڤێستامان دەداتەوە”، باوکى ئاڤێستا واى وت.

رۆژی 5ی نیسانی 2025، مامۆستا ئاڤێستاى تەمەن 27 ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە هەولێرەوە روویانکردە دەڤەری بارزان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش. بەڵام لە نزیک “تەنگاتور”، ئەو شوێنەی جوانی و مەترسی تێکەڵاوی یەکدی دەبن، ئاوە خوڕەکەی زێی گەورە کۆستێکى گەورەى خستە دڵى مام یوسفەوە و ئاڤێستاى لەگەڵ خۆى برد.

لەوەتەی ئەو رۆژەوە کە ئەمڕۆ دەکاتە 91 رۆژ، باوکى و خێزانەکەی و تیمەکانی فریاگوزاری چاویان لە رووبارەکەیە، بەڵکو شەپۆلێک جەستە ساردەکەى ئاڤێستایان پێ بداتەوە، بەڵام دواى سێ مانگ پڕۆتۆکۆڵى گەڕانى تیمەکانى بەرگرى شارستانى کۆتایى هات و چیتر تیمەکان لەگەران بەردەوام نابن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئاڤێستا و ئارڤان؛ دوو چیرۆک و یەک ئازار و رووبارێک

ئاڤێستا و ئارڤان؛ دوو چیرۆک و یەک ئازار و رووبارێک