بۆسەر کێڵگەى نەوتى قەمبەر

فەرماندەى فیرقەى شەشى پێشمەرگە: جوڵەپێکردنى هێزێکى سوپاى عێراق راست نییە

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

فەرماندەى فیرقەى شەشى پێشمەرگە لە گەرمیان، رەتیدەکاتەوە هیچ هێزێکى سوپاى عێراق بەرەو کێڵگەى نەوتى قەمبەر جوڵەى پێکرابێت.

لیواروکن ئیبراھیم سەڵاح، فەرماندەی فیرقەی شەشی پێشمەرگە لە گەرمیان بە 964ـى وت،”ئەوەی کە دەوترێت ھێزێکی سوپای عێراق ھاتبن بۆ کێڵگەی نەوتی قەمبەر ھیچ راست نییە، تا ئەم کاتە ھیچ ھێزێکی سوپای عێراق نەھاتونەتە ناوچەکە”.

“بابەتەکە ئەوەیە، ئەمڕۆ دوو فەرمانبەرى سەربە عێراق هاتوون بۆ کێڵگەکە، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە رێگەیان پێنەدراوە و وتویانە نابێت بڕۆنە ژورەوە و ھیچ هەماهەنگییەک بۆ هاتنتان نییە، ئەوانیش پێیان قبوڵنەکرەوە و وتویانە ھێز دەھێنین”، ئیبراھیم سەڵاح وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھیچ ھێزێک نەھاتۆتە کێڵگەکە تەنھا ئەو دوو فەرمانبەرە وەک ھەڕەشە ئەو قسەیان کردوە نەک ھێز ھاتبێت.

جەختیش دەکاتەوە، ھیچ گۆڕانکاریەک رووینەداوە، نە ئەوان ھێزیان ھێناوە نە نە پێشمەرگەش ھێزیان گەڕاندۆتەوە.

فەرماندەکەى پێشمەرگە روونیشى کردەوە، کێڵگە نەوتییەکە لەلایەن لیوای 17ـى ھێزی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت و لەجێگای خۆیان ماون.

کێڵگەی نەوتی قەمبەر دەکەوێتە نزیک گوندی سەید مەدری لە سنوری ناحیەی کۆکس لە ئیدارەی گەرمیان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"هێزەکانی پێشمەرگە کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە"