ئێستاش لێقەوماوەكان پێویستیان بە هاوكارییە

 سبەی تیمی حكومەتی هەرێم دەست لە كارەكانی هەڵدەگرێت

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

حكومەتی توركیا بە تیمی فریاگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی وتووە، پێویستە سبەینێ دەست لە كارەكانتان هەڵگرن و كۆتایی بە هاوکارییەكانتان بێهنن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆتان.

تا ئێستا تیمەكە هاوكاری زیاتر لە دوو هەزار  كەسی كردووە لە چوارچێوەی  هاوكاری و هاوئاهەنگییەکاندا.

لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان كەمپینی هاوكاری  بۆ لێقەوماوەكانی باكوور و رۆژئاوای كوردستان كۆكرایەوە.

بەرهەم حەسەن ئەندامی تیمی فریاگوزاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە توركیا بە تۆڕی 964وت: “لەسەر داوای حكومەتی توركیا دەستمان لە كارەكانمان هەڵگرت و سبەی هەموو پێداویستیەكانمان كۆدەكەینەوە، رۆژی  .یەكشەممەش دەگەڕێینەوە هەرێمی كوردستان

وتیشی :” حكومەتی تورکیا بە سەرجەم تیمەكانی وڵاتانی بیانی وتووە دەبێت دەست لەكار هەڵگرن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆتان،  بەشێكی زۆر لە تیمەكان گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان و تا ئێستاش دۆخی چەند شارێك خراپە، بەڵام داواكاریی حكومەتی تورکیایە”.

لەسەر داواكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی روودانی بوومەلەرزەكەوە تیمێكی 200 كەسیی هەرێمی كوردستان  گەیشتنە توركیا و باكووری كوردستان بۆ ئەوەی هاوكاری قوربانیانی بوومەلەرزەكە بكەن.