لە پێشمەرگە و سوپاى عێراق پێکهاتووە

لیوایەکى هاوبەش لە سنوورى پەڵکانە جێگیر دەکرێت

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بۆ سنووردارکردنى جموجۆڵەکانى چەکدارانى داعش، لیوای یەکی هاوبەش، لەهەر یەک لە ناوچەکانی پەڵکانە و غەڕە و قوڕی چای، لە سنووری نێوان خورماتوو – کفری جێگیر دەکرێن.

حەمە چەوری، فەرماندەی لیوای 731ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری خورماتوو بە964ـی وت، “بە جێگیرکردنی هێزەکانی لیوای یەکی هاوبەش لەو ناوچانە %80ـی جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش بنبڕ دەکرێت و ناوچەکەش بۆشایی ئەمنی تێدا نامێنت، چونکە ناوچەکانی پەڵکانە و غەڕە و بەڵەگە و قوڕی چای کەوتوونەتە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

وتیشی، “ئێستا لەلایەن بەشێک لەو هێزەوە سەرقاڵی دروستکردنی سەنگەر و کردنەوەی رێگان، ھەروەھا خاڵی سەربازی و تاوەری چاودێریی سەربازیش دروست دەکەن”.

“لە ماوەی رابردوودا چەندین جار رێگری و ئاستەنگی لەپێش ئەو ھێزەدا دروستکرا بۆ ئەوەی لە سنوورەکە جێگیر نەکرێن، بەڵام ئێستا چارەسەری ئەو رێگرییانە کراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا هێزەکان لەو ناوچانە جێگیر دەکرێن”، حەمە چەورى واى وت.

ئەوەشی خستەڕوو کە چەکدارانی داعش لە ناوچەی پەڵکانە و غەڕە، کە ناوچەیەکی بەرفراوانە، وەکو مۆڵگەی تایبەتی خۆیان بەکاردەى دەهێنن و لێیەوە ھێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان.

لیوای یەک و دووی هاوبەش کە سەر بە سوپاى عێراقە و زۆرینەى سەربازەکانى کوردن، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە، بە ھەماھەنگی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە پێکھێنراوە، مەبەست لە پێکهێنانى ئەو هێزە، بۆ پڕکردنەوەو جێگیرکردنیانە لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی هەر یەک لەسنوورەکانی موسڵ، کەرکوک، دیالە و خورماتوو.

هەرچەندە ناوەناوە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنى کێوماڵکردنى چەکدارانى داعش لەو ناوچانەى بۆشایى ئەمنیان تێدایە، ئەنجام دەدەن، بەڵام بە وتەى حەمە چەورى، بە جێگیرکردنى ئەو لیوایە مەترسییەکان کەمتر دەبنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح