مێردمنداڵێک لە سلێمانی
كۆتری هەڵفڕاند و كارەبا گرتی و گیانی لەدەست دا
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لە گەڕەكی زەرگەتەی كۆنی سلێمانی مێرمنداڵێک لە كاتی هەڵفڕاندنی كۆتردا بە تەزووی كارەبا گیانی لەدەست دا.
رووداوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.7.2025 روویداوە، دانا رەزا، خاڵۆزای ئەو مێرمنداڵەیە و بە 964ی وت، ئەم كوڕە ویستویەتی كۆترێك هەڵفڕێنێت كە بەسەر سیمی عامودی كارەباكەی بەردەم ماڵیان نیشتووەتەوە، بەڵام بەهۆی نەزانینەوە لە بری دار، ئاسنی بەكارهێناوە و لەكاتی راوەشاندنی بەر كۆترەكە نەكەوتووە و داویەتی لە سیمی كارەباكە و گرتوویەتی، دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەكە گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، مێرمنداڵەكە ناوی (ر، ت) تەمەنی 14 ساڵانە و دانیشتووی گەڕەكی زەرگەتەی كۆنن لە سلێمانی.
لەبارەی روداوەكەوە، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ی وت، ئەو كوڕەی كە ئەمشەو بە تەزووی كارەبا گیانی لەدەست دا، لەلایەن تیمەكانی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانییەوە رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە و دواتر رادەستی كەسوكارەكەی كراوەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا