سێ مانگ بەسەر خنکانی مامۆستا ئاڤێستا تێپەڕی
نەدۆزرایەوە نوێژی مردووی بە غایب لەسەر دەکەن
تەنیا دوو رۆژی دیکە بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەگەڕێن
964+
ئاکام غەفور – سۆران
88 رۆژە ئاڤێستا خنکاوە، لەم دوو رۆژە تەرمەکەی نەدۆزرێتەوە، کەیسەکەی دادەخرێت و لەسەر رووبار نوێژی مردووی بە غایب لەسەر دەکرێت.
نزیکەی سێ مانگ بەسەر خنکانی ئاڤێستا یوسف تێپەڕیوە، تاکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، دوو رۆژی داهاتوو هەڵمەتی گەڕانی بەرگری شارستانی بەدوای تەرمەکەی کۆتایی دێت.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت، “بەپێی یاساکانی بەرگری شارستانی هەر تەرمێک ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا نەدۆزرایەوە کەیسەکەی دادەخرێت، بەڵام ئێمە کەسوکاری ئاڤێستا بێ هیوا ناکەین هەر چەندە گەڕانی تیمەکانمان کۆتایی دێت، هەر کاتێک پێویست بێت هاوکاریان دەکەین بۆ گەڕان.
وتیشی، رۆژی شەممە 5.7.2025 کۆتا رۆژی گەڕانە بۆ تەرمی ئاڤێستا، هەڵمەتێکی چڕی گەڕان ئەنجام دەدەین لە رووبارەکە بە بەشداری زیاتر لە 200 کارمەندی بەرگری شارستانی، ئەگەر تەرمەکەی نەدۆزرایەوە، کەسوکاری ئامادە بوون، هەر لەوێ بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ئاینی نوێژی مردووی بە غایب لەسەر دەکەین.
ئاڤێستا یوسف، مامۆستایەکی تەمەن 27 ساڵی خەڵکی هەولێر بوو، لە 5.4.2025 لەگەڵ کەسوکاری بە مەبەستی گەشت کردن هاتبوون بۆ دەڤەری بارزان، لەوێ کەوتە رووباری تەنگاتورا و خنکا تاکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر