نزیكهى 500 كۆتر سووتان
كەوتنەوەی ئاگرهكهى گهڕهكى راپهڕینى سلێمانى زیانی 10 دەفتەر دۆلاری بە ماڵێك گەیاند
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
درەنگانێكی شەوی رابردوو، لە ماڵێكی گەڕەكی راپەڕینی سلێمانی ئاگركەوتەوە و بەهۆی سوتانی ژمارەیەك كۆتری زۆرەوە، زیانی 10 دەفتەر دۆلار بەر ماڵەكە كەوتووە.
ئاگرەكە بەهۆی سوتانی پوش و پەڵاشی پشتەوەی ماڵەكەوە رویداوە و بە ئیزوگامی ماڵەكەدا سەركەوتووە بۆ سەربانی ماڵەكە و ئاگرەكە تەشەنەی سەندووە.
حاجی زەكیە رەشید، خاوەنی ماڵەكە به 964 ـى وت، سەرەتا منداڵانی گەڕەك ئاگاداریان كردونهتهوه كە ئاگر لە پشتەوەی خانوەكەیان كەوتووەتەوە، دواتر ئاگرەكە تەشەنەی سەندوو بۆ سەربانی ماڵەكەیان.
وتیشی “تیمەكانی بەرگری شارستانی زوو گەیشتوونەتە سەر روداوەكە و دراوسێكانیشیان هاوكار بوون لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە، ئەگەرنا هەر سێ قاتی خانووەكە دەسووتا”.
دەشڵێت، نزیكەی 500 كۆتری گرانبەها له ئاگرهكه سوتاون و تهنیا زیانى ئهو كۆترانه بە 10 دەفتەر دۆلاری ئەمەریكی دەخەمڵێنێت.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن