"شوێنی ئاڕاستەکردنیان نەزانراوە"
زیاتر لە 10 درۆن بەسەر پاڵاوگەی بێجی سوڕاونەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
شەوی رابردوو زیاتر لە 10 درۆن وەک زەردەواڵە بەسەر پاڵاوگەی قەزای بێجی سوڕاونەتەوە، سیستمی بەرگری لێیان وەدەست هاتووە و دووری خستوونەتەوە.
عادل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بێجی بە 964ـی وت، “کاتژمێر 1:00ـی شەوی رابردوو زیاتر لە 10 درۆنی نەناسراو ھاتبوونە سەر ئاسمانی پاڵاوگەی بێجی، دواتر ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی سنورەکە بەچەکی دۆشکە و دژە فڕۆکە رووبەڕووی درۆنەکان بوونەوە و تەقەیان لێکردن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە بەرپەرچدانەوەیان، درۆنەکان ناچار بوون ناوچەکە جێبھێڵن و هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە.
عادل ئەحمەد وتیشی، تائێستا نازانرێ درۆنەکان بە چی ئامانجێک ھاتوونەتە ئاسمانی قەزاکە، ئایا بەمەبەستی بەئامانجگرتنی پاڵاوگەکە هاتوون یان بەمەبەستی ھەواڵگری، لێکوڵێنەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
هەر شەوی رابردوو چەند موشەکێک ئاڕاستەی کەرکوک کران و یەکێکیان لەناو ماڵێک کەوتە خوارەوە و زیانی ماددی لێکەوەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری