هاوڵاتیان و جوتیارانی دیالە نیگەرانن
وشکەساڵی بەناخی بەنداوی حەمریندا چووەتە خوار
964+
راژان باجەڵان – حەمرین
بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵی، ئاستی ئاوی بەنداوی حەمرین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەوەش جوتیاران و هاوڵاتیانی پارێزگای دیالەی نیگەران کردووە.
حەسەن شەوکەت بەڕێوەبەری بەنداوی حەمرین بە 964ـی وت، “ئەگەرچی ئەمساڵ بەنداوی حەمرین هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە و لەسەر ئاستی عێراق، باشترینە لە دۆسیەی گلدانەوەی ئاو، بەڵام لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخەکە و کەمی باران لە وەرزی سەرمادا، ئەوا ساڵی داهاتوو رووبەڕووی دۆخێکی زۆر مەترسیدار دەبینەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وشکەساڵی کاریگەری لەسەر سەرجەم سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق دروستکردووە و تەنانەت رووبارەکانی دیجلە و فوراتیشی گرتووەتەوە.
“سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئاوەکەی، بەنداوی حەمرین ئەمساڵ دەتوانێت ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی پارێزگای دیالە دابین بکات”، حەسەن شەوکەت وای وت.
بەنداوی حەمرین زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو لەخۆ دەگرێت، لە ساڵی 1976 دەست بە دروستکردنی کراوە و ساڵی 1981 کراوەتەوە، بۆ کاری کشتوکاڵی و ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی سنوورەکە، کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری