لێدوانەکان جێگاى موشەکیان گرتووە
شەوى رابردوو چى روویدا؟
964+
وریا فەتاح
- کوردستان ئارامە و خوا ئەو ئارامییە هەڵنەگرێت و شەوى رابردووش جگە لە رووداوى هاتوچۆ هیچ حاڵەتێکى نەخوازراوى تێدا رووینەدا.
- لەسەر ئاستى ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکاش تەقریبەن وەک جەنگى ساردى لێهاتووە و لە موشەک و بى2 و فەتاحەوە، هاتوونەتە سەر لێدواندان.
- نامەیەکى ئەمریکا بۆ ئەنجومەنى ئاسایش: ئامانجمان لەناوبردنی توانای ئێرانە لەسەر پیتاندن و راگرتنی مەترسیی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
- نامەیەکى ئەمریکا بۆ ئەنجومەنى ئاسایش: هێشتا پابەندین بە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئێران.
- وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەگەر ترەمپ لە گەیشتن بە رێککەوتن راستگۆیە، با واز لە ئاوازى بێڕێزانە و قبوڵنەکراوی بەرامبەر بە رێبەر بهێنێت.
- وەزیری دەرەوەی ئێران: رێگە نادەین هیچ کەس چارەنووسمان دیاری بکات و ئەگەر وەهمەکان ببنە هۆی هەڵەی خراپتر، ئەوا دوودڵ نابین لە ئاشکراکردنی توانای راستەقینەمان.
- وەزیری دەرەوەی ئێران: رژێمی ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە پەنابردن بۆ ئەمریکا بۆ خۆبەدوورگرتن لە بۆردومانی مووشەکەکانمان.
- ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی دیموکراتەکانی رەتکردەوە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ترەمپ سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێرانن.
- بلومبێرگ: ئیسرائیل تێچووی زیانەکانی لە کاتی جەنگیدا لەگەڵ ئێران بە نزیکەی 3 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
- بلومبێرگ: حساباتەکانی ئیسرائیل دەریدەخەن کە ئێران تا چەند توانیویەتی بەرگرییەکان ببڕێت لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتە لە بۆردومانی مووشەکیدا.
- سوپای ئیسرائیل: هاتنى مووشەکێکمان لە یەمەنەوە بەرەو ناوچە ئیسرائیلییەکان تۆمار کردووە.
- سوپای ئیسرائیل: سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی کەوتنەکار بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکەى موشەکێک لە یەمەنەوە.