دەستگیرنەکراون
شارەبان؛ ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر گەنجێک و 20 ملیۆن دیناریان لێ دزی
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ هەینی 27/6/2025، ژمارەیەک چەکدار لە قەزای شارەبان هێرشیان کردە سەر گەنجێک، دوای بریندارکردنی بڕی 20 ملیۆن دیناریان لێ دزی و ئۆتۆمبێلەکەشیان زیان پێگەیاند.
عەقید هەیسەم، وتەبێژی پۆلیسی دیالە بە 964ـی راگەیاند، رووداوەکە راستە و هێزەکانی پۆلیسی شارەبان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە.
عەبدوڵا حوسێن، یەکێک لە کەسوکاری گەنجەکە بە 964ـی وت، “بە رۆژی رووناک و لەناو شاردا تاوانێکی وا گەورە کراوە، کوڕەکەمان 20 ملیۆن دیناری پێبووە و لێیان دزیوە و برینداریان کردووە، داواکارین هێزە ئەمنییەکان بەزووترین کات بیان دۆزنەوە.”
بە وتەی کەسوکارەکەی، گەنجەکە بەنیازبووە بچێتە مەیدانى مەڕوماڵات بۆ کڕینی ئاژەڵ، بەڵام چەکدارەکان لە بۆسەیەکدا هێرشیان کردووەتە سەر و ئۆتۆمبێلەکەشی کە هیۆندای سانتەفییە، زیانی بەرکەوتووە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە قەزای شارەبان بۆ ماوەی چەند ساڵێک بوو لە دیاردەی تیرۆر، دزی و گروپە چەکدارەکان پاککرابووەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح