"رێكخستنەوەی پرۆسەی خوێندن"

كەركوك پەیمانگە بێ مۆڵەتەكان و وانەی تایبەتی قەدەغە دەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکوک بەردەوامە لە هەڵمەتەكەی بۆ داخستنی سەرجەم پەیمانگە بێ مۆڵەتەکان و قەدەغەکردنی وانەبێژی تایبەت بە هەڕەمەکی لە شارەكەیدا، ئەمەش وەك خۆیان دەڵێن، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیانە بۆ رێکخستنەوەی پڕۆسەی خوێندن و بەرزکردنەوەی کوالێتی ئەدای خوێندن.

بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک مەنسووڕ مەزری سەلوم، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، “لیژنەکانی پشکنین بە سەرۆکایەتی سامان بەکر مەجید یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی لە سەرجەم گەڕەکەکانی كەركوك بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیكاران و ئەو پەیمانگە و شوێنانەی بێ مۆڵەتن، ئەمەش بەپێی ئەو رێنماییانەی لە وەزارەتی پەروەردە دەرچووە”.

وتیشی، “ژمارەی قوتابخانە و پەیمانگا ئەهلییەکانی کەرکوک کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە لە 200 قوتابخانەی تێپەڕاندووە”، لیژنەکانی پشکنین بەرپرسیاریەتیی چاودێریکردنی ئەدای کار و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە دامەزراوە پەروەردەییەکان بە رێنماییە وەزارییەکان لەئەستۆ دەگرن، بەمەش بەشدارن لە دروستکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی سەلامەت و دیسپلین”.

سەلۆم دەڵێت، “ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر ئامانجیان باشترکردنی پرۆسەی خوێندن و رێگریکردنە لە وانەوتنەوە تایبەتەکانی هەڕەمەکی، بە تایبەتی لەناو گەڕەکەکاندا”.

داواشی لە هاوڵاتیان کرد، هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ کەمکردنەوەی دیاردە نەرێنییە پەروەردەییەکان کە کاریگەرییان لەسەر ئاستی خوێندن هەیە”.

دووپاتیشی کردەوە “کاری لیژنەکان بەپێی فەرمانی وەزاری ئەنجام دەدرێت و لەسەر بنەمای دیدگایەکی روونە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی بۆ سەرجەم قوتابیان”.

قوتابیانی قوتابخانەی رازی لە كەركوک بایکۆتی خوێندنیان...

قوتابیانی قوتابخانەی رازی لە كەركوک بایکۆتی خوێندنیان راگەیاند