لە ماوەت

100 دۆنم پووش و باخی هاوڵاتیان سووتا

964+

محەمەد فاتیح

رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە زیادیان كردووە و دوای ئەوەی ئاگرێك لە قەزای ماوەت كەوتەوە، پۆلیسی دارستان پێی وایە هۆکاری سەرەکی ئەو رووداوانە خودی مرۆڤەکانن، کە تەنیا ئەمجارە 100 دۆنم دۆنم پووش و باخی هاوڵاتیان سووتاوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكرەوە، لە قەزای ماوەت و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی باناڵێ بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێک کەوتەوە و دەست بەجێ کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ماوەت گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و بە هاوکاری تیمی بەرگریی شارستانی و دڵسۆزی و خەمخۆری گوندنشینان توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

دەشڵێت، “بەداخەوە ئەو رووداوە بووە هۆی سووتانی نزیکەی 90 دۆنم لە پووش و پاوان و نزیکەی 10 دۆنم لە رەز و باخی گوندەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە”.

وتيشى، “جێگەی نیگەرانییە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هەمیشە دوبارە دەبنەوە و بەو هۆکارەش زیانی زۆر بە سروشت و ژینگە بە گشتی و دارستانەکان بە تایبەت دەکەوێت، هەر بەو هۆکارەش ژیانی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دەکەوێتە بەرمەترسی و هۆکاری سەرەکی ئەو رووداوانەش خودی مرۆڤەکانن، کاتێک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی کەم دەبێتەوە و پابەند نابن بە رێنماییەكان و ئەو رووداوانە دووبارە دەبنەوە”