12 هەزار دانە بوون

چەند دڵی باشە؛ عێراق ئایپادەکانی سەرژمێری داوە بە ئوردن

964+
ئەحمەد مستەفا

خەڵک هەبوو ئەونە دڵی بەو ئایپادانە خۆشبوو، ئەی وت ئیشەڵا سەرەتای دامەزراندنیانە، کەچی حکومەتە سەخی تەبێعەتەکەی عێراق هەر ئەوەندە ئیشەکەی پێ تەواو کرد، بێ ئەوەی یەک فلس وەرگرێ، 12 هەزار ئایپادی پڕۆسەی سەرژمێری داوە بە ئوردن.

نرخی سەرجەم ئایپادەكان لەسەر گیرفانی عێراق، زیاتر لە چوار ملیار دینار كەوتووە، کە تەنیا بۆ ئیشی سەرژمێری بەکارهێنرا، ئەویش کرا بە دیاری.

ئەو ئایپادانە، رۆژانێک بە دەست کوڕ و کچ، پیاوان و ژنانەوە بوو، گەڕەک بە گەڕەک و کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕان تا داتای خێزان و ئاستی بژێوی پێ بکەن، هەر ئەو پڕۆسەیەش تەواو بوو، کارمەندەکان ئومێدیان هەبوو دایان بمەزرێنن و چەندجارێک گردبوونەوەیان بۆ کرد.

رائید مالیكی، کە پەڕلەمانتارە، لە پێگەی خۆی لە فەیسبووک بە پشتبەست بە نوسراوێکی حکومەت نوسیوویەتی، نەدەبوو عێراق ئەم ئایپادانە بداتە وڵاتێكی بیانی، چونكە داتا و زانیاری سەرجەم هاوڵاتییانی عێراقی تێدایە، تەنانەت ئەگەر سڕابێتەوە دەتوانرێت بە هەزارەها بەرنامە بگەڕێنرێنەوە.

قسەیەکی خێری تریشی کردووە، و دەڵێ، دەبوو حكومەتی عێراق ئەو ئایپادانە بدات بە قوتابییانی عێراقی بۆ ئەوەی لە قوتابخانەكان لە بواری خوێندندا بەكاربهێنرێت.

ئایپادەکان رەنگێکی سەوزی ماتیان هەبوو، ئەو رۆژانە ماڵ نەما نەیکەن و بە داتا سەنتەرێکەوە گرێ درابوون، کارمەندەکە هەرچی تۆماردەکرد بۆی دەناردە وەزارەتی پلاندانان، کارئاسانییەکی زۆریان بۆ پڕۆسە و ماوەی سەرژمێری کرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

نوسراوی پێدانی ئایپادەکان بە ئوردن

نوسراوی پێدانی ئایپادەکان بە ئوردن