بەرهەمی کشتوکاڵی سوتاوە

ئاگری تۆپباران بەرۆکی هەشت گوندی قەزای ئامێدی بەرنادات

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

دوو هەفتەیە زەوی کشتوکاڵی گوندەکانی سنووری قەزای ئامێدی بەردەوام لەلایەن سوپای تورکیا تۆپباران دەکرێ، دانیشتووانی گوندەکانیش دەڵێن، بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە رێگەمان پێ نادرێ ئاگری زەوییە کشتوکاڵییەکان بکۆژێنینەوە.

بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە 2025.6.25، سوپای تورکیا زەوی کشتوکاڵی هەریەک لە گوندەکانی، “سەرگەلێ، سگێرێ، دێرێ، مژێ، کەڤنەمژێ، سپیندار خەلفو، دێرەشێ و رەزیکێ”، چەندین جار تۆپباران کردووە و ئێستاش تۆپباران و تەقە بەردەوامە.

بەسەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی و زەوی کشتوکاڵی گوندەکان و پووش و پەلاش و داری سروشتی ئاگریان گرتووە.

حسێن ساڵح، دانیشتووی گوندی سەرگەڵێ بە 964ـی وت، شەوی رابردوو گوێمان لە چەندین دەنگی بەهێز و تەقە بووە، چەندین جار زەوی گوندەکە تۆپبارانکراوە، زیاتر لە 50 دۆنم سووتاوە و بەشێکی ئاگرەکەش لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەمان کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام ئەمڕۆش دووبارە چەندین جار زەوی هەشت گوندی ناوچەکەمان دەسووتێت، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە ناتوانین دەستمان بە ئاگری هەموو ناوچەکە بگات و بیکوژێنینەوە.

ئازاد هەمزو، موختاری گوندی مژێ و نوێنەری گوندەکانی دەڤەری بەرگارە بە 964ـی وت، زیاترە لە هەفتەیەک زەوی کشتوکاڵی چوار گوندی دەڤەری بەرگارە دەسووتێت، کە 90%ی دارەکانیان بەرهەمدارن، و ساڵانە بەرهەمێکی باشی، “سماق، گوێز، مازوو، قەزوان و ترێ”، بەرهەم دەهێنن.

بەقسەی ئەو، زیانێکی زۆر بەر مین و دانیشووانی گوندەکانی ناوچەکە و چەندین جوتیارانی دەڤەری بەرگارەی کەوتووە. ئەگەر ئەمساڵیش بەوشێوە کشتوکاڵ و رەز و باخەکانیان تۆپباران بکرێنەوە، زیانێکی زۆریان پێدەگات و دەبێت رێگەیان پێ بدرێت ئاگرەکە بکۆژێننەوە.

سەرچاوەیەکی ئیداریی لە سنووری قەزای ئامێدی بۆ 964ـی پشتڕاستکردەوە و وتی، دوو هەفتەیە دەوروبەری گوندەکانی رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی لەلایەن سوپای تورکیا تۆپباران دەکرێت، دەنگی تەقە و درۆن بە بەردەوام لەئاسمانی ناوچەکە دەبیسترێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

تورکیا لە یەک رۆژدا زیاتر لە 100 هێرشی کردووەتە سەر گوند...

تورکیا لە یەک رۆژدا زیاتر لە 100 هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی ئامێدی