هەڕەشەیەکى مەترسیدارە

حکومەتی عێراق هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی سەرکۆنە کرد

964+

وریا فەتاح

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتوندی سەرکۆنە دەکەن و بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەزانن، جەختیشی کردەوە کە چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی گفتوگۆ بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دواى هێرشەکانى ئەمریکا بۆسەر ئێران، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق  لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “حکومەتی عێراق نیگەرانیی قووڵ و سەرکۆنەی خۆی بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناو خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەبڕێت.”

“ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیریی هەرێمیی رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە”، باسم عەوادى واى وت.

عەوادى داواشى کرد کە رێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى وڵاتان بگیرێت و دامەزراوەکانیان بە ئامانج نەگیرێن.

بە وتەى باسم عەوادى، چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت بێت و بەردەوامیی ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنێکی مەترسیدار کە دەرەنجامەکانی سنووری هیچ وڵاتێک تێناپەڕێنێت و کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەبێت.

“جەنگەکان جگە لە وێرانکاری هیچی تر بەجێناهێڵن و بەرپرسیارێتیی زلهێزەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت لەسەر دوورخستنەوەی جیهان بێت لە قەیرانی زیاتر، نەک هەڵگیرساندنی.”

وتەبێژى عێراق وتوشیەتى، سیاسەتى عێراق ئەوەیە کە داواى هێورکردنەوەى دەستبەجێ دەکات و پێى وایە دەبێت کەناڵە دیبلۆماسییەکان بەگەڕ بخرێن و ببنە جێگرەوەى شەڕ و ئاڵۆزى.

شێخی ئەزهەر بە زمانی فارسی ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل ...

شێخی ئەزهەر بە زمانی فارسی ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات