ترەمپ: ئێستا کاتى ئاشتییە
ئەمریکا لە بنکە ئەتۆمییەکانى ئێرانى دا؛ شەڕەکە فراوانتر بوو
964+
وریا فەتاح
شەوێکی قورس بوو بۆ ئێران دواجار ئەمریکا هاتە ناو شەڕەکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانى بەئامانجگرت، ئێرانیش هەڕەشە دەکات و هێرشەکانى ئەمریکا بە مەترسیدار ناودەبات، ناتانیاهۆش لە دڵخۆشیدا بە مێژوو دەڵێت، “بینوسەوە”.
هەرچەندە ئێران بە درێژایی رۆژى دوێنێ هیچ دەنگی نەبوو، بەڵام لە دوای کاتژمێر 12 بە چەند خولەکێک شەپۆلی نۆزدەهەمینی هێرشەکانی بە موشەک و درۆن دەستپێکرد.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، ئەمریکا هاتە شەڕەکەوە و ترەمپ بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهانی راگەیاند.
لاى خۆیەوە ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند کە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی b2ـى ئەمریکی بەشدارییان لە هێرشی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا کردووە.
بەپێى هەواڵى نیویۆرک تایمز، ئەمریکا لە کاتژمێر 2.30 خولەکی بەیانی بە کاتی ئێران دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهانمان بۆردومان کرد.
ترەمپ بەوەشەوە ناوەستێت و دەڵێت، ئەگەر ئێران رانەوەستێت جارێکى تریش لێى دەدات.
ئاژانسی هەواڵى ئیرناى ئێرانى بڵاوى کردووەتەوە کە ئەو بنکە ئەتۆمیانەی ئەمریکا بۆردومانی کرد، دوورن لە هەر مادەیەک ببێتە هۆی تیشکدانەوە.
” مێژوو تۆماری دەکات کە ترەمپ کاری کردووە بۆ ئەوەی مەترسیدارترین رژێم نەتوانێت مەترسیدارترین چەکی لە جیهاندا هەبێت”، ئەمە لێدوانى ناتانیاهۆیە دواى هێرشەکان.
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران پشتڕاستى کردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر ناوچە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان، ئەمەش بە رەفتارێکی دڕندانە و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، وەسف دەکات.
ترەمپ هێشتا هیواى بە ئاشتییە، هەر دواى هێرشەکانى رایگەیاند، لێدانەکان سەرکەوتنێکی سەربازی گەورە بوو، بۆ ئێران ئێستا کاتی بەرپاکردنی ئاشتییە.
بەپێى قسەى ترەمپ، هەر سێ دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوی لەناوچوون، ئامانجی ئەمریکا لەناوبردنی تواناکانی ئێران بوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و رێگری لە هەڕەشەی ئەتۆمی.
ئێران لە زارى عەباس عێراقچی وەزیرى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، ئێران پارێزگاری لە هەموو ئەو هەڵبژاردانەی بەردەمی دەکات بۆ بەرگری کردن لە خۆی و نەتەوەکەی و بەرژەوەندییەکانی.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکان، ئێران شەپۆلێکی موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و بەپێى هەواڵى میدیاى ئیسرائیلى، موشەکەکان بریندارى لێکەوتووەتەوە.