دیارترین بازاڕی سلێمانی چۆڵە
دوكانداران بەهۆی بێ بازاڕییەوە خەریكی دۆمینەن
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بەهۆی دابەشنەكردنی موچە و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دیارترین گوزەرەكانی بازاڕی سلێمانی چۆڵن و كەس دینارێك خەرج ناكات، دوكاندارەكانیش خەریكی دۆمینە و پاقلەخواردنن.
پەیامنێری 964 لە سلێمانی، چووەتە ناو بازاڕ و گوزەری مەحكەمەی كۆنی بەسەركردووەتەوە، كە بە ناودارترین و پڕ كڕیارترین گوزەری بازاڕەكە ناسراوە.
دیمەنەكان دیارن و چۆڵەوانییە و موشتەری نابینیت، دوكاندارەكانیش خەریكن یاریی دۆمینە دەكەن و بەو گەرمایەش پاقلە دەخۆن.
دوكاندارێك بۆ 964 قسەی كرد و دەڵێت، لە رەمەزانی رابردووەوە بازاڕەكە بە تەواوی پەكی كەوتووە و مردووە.
وتیشی، تەنانەت لە سەردەمی كەرەنتینەی كۆرۆنا لە ئێستا باشتر بوو.
دوكاندارەكە ئاماژەی بەوە كرد، چەندین دوكان دایانخستووە یان رادەستی خاوەنەكانیان كردووەتەوە، چونكە كرێی زۆرە و بۆیان دەریناهێنێت.
زیاتری 50 رۆژە موچەی فەرمانبەران نەدراوە و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بارێكی خراپدان، جگە لەوەش شەڕی ئیسرائیل و ئێران كاریگەریی بەسەر بازاڕ و دەروونی خەڵك دروست كردووە و هاوڵاتیان دەستیان بە گیرفانیاندا گرتووە و بۆ پێویستی نەبێت، پارە خەرج ناكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا