داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە نۆ ملیار دینار بووە
جەنگی ئێران و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر داناوە
داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە نۆ ملیار دینار بووە
964+
شۆڕش قادری
داهاتی نانەوتی ئهم هەفتەیهى هەردوو پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە زیاتر لە نۆ ملیار دینارە و بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەراورد بە هەفتەکانی پێشوو کەمی کردووە.
بەپێی نوێترین داتای ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە 14.6.2025 تا ئەمڕۆ هەینی 20.6.2025، بڕی نۆ ملیار و 302 ملیۆن و 952 هەزار و 577 دینارە.
وەک ماڵپەڕەکە ئاشکرایکردووە، لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی هەشت ملیار و 362 ملیۆن و 229 هەزار و 947 دیناری بە شێوەی نەختینە و 940 ملیۆن و 722 هەزار و 630 دیناریشی چەکە.
ماڵپەڕی شەفافییەت تایبەتە بە ئاشکراکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.
ئەو بڕە داهاتە لەمانە بەدەستهاتوون: دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان.
لە بەرەبەیانی هەینی رابردووە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و ئەوەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسەر مەرزەکان لاواز کردووە و کاریگەری لەسەر داهاتی سنوورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە داناوە.