"بەهۆی وشکەساڵی"

تەندروستیی سلێمانی: ئەمساڵ ئەگەری تووشبوون بە کۆلێرا زیاترە

964+

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و دەڵێت ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی و کەمبارانی، ئەگەری تووشبوون بە کۆلێرا زیاترە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.6.2025، د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای خۆپارێزی لە هاونیشتمانیان کرد و وتی، دەبێت ئاگاداری ئەو سەرچاوەی ئاوە بن کە بەکاریدەهێنن.

لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی وتی، نەخۆشخانەکان ئامادەکراون و رێکاری خۆیان گرتووەتەبەر.

بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی شارەکە، ساڵی رابردوو لە سلێمانی هەشت کەس تووشی کۆلێرا بوون و دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشییەکەیان تێپەڕاند

ئەوەى پێویستە لە بارەى کۆلێراوە بیزانیت ئێمە بە چەند خاڵێک پێتى دەڵێین:

کۆلێرا نەخۆشییەکی توندی سکچوونە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەگەرى گیانلەدەست دان زۆر بەهێز دەکات.

کۆلێرا نەخۆشییەکی هەژارییە کە تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە دەستیان بە ئاوی پاک و پاکوخاوێنی سەرەتایی ناگات، هەر بۆیە زیاتر لە ناوچە و وڵاتە هەژارەکان بەربڵاوە.

ململانێ و شارنشینی بێ پلان و گۆڕانکارى کەشوهەوا مەترسی تووشبوون بە کۆلێرا زیاد دەکەن.

تەندروستى جیهانى مەزەندەیان کردووە کە ساڵانە 1.3 بۆ 4.0 ملیۆن حاڵەتی کۆلێرا لە جیهاندا تۆمار دەکرێت و لەو ژمارەیە  21 هەزار بۆ 143 هەزار حاڵەت لە جیهاندا گیانیان لەدەست دەدەن.

حاڵەتە توندەکان پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە.

دابینکردنی ئاوی سەلامەت و پاکوخاوێنی سەرەتایی رێگرن لە تەشەنەکردنى.

نیشانەکان:

سکچوونێکى توند و هەندێ کەس نیشانەیان نییە یان لاوازە.

لە نێو ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی تووشبوونیان هەیە، زۆرینەیان نیشانەکانی سووک یان مامناوەندیان هەیە.

لە نێوان 12 کاتژمێر بۆ پێنج رۆژی دەوێت تا کەسێک نیشانەکانی دەربکەوێت.

کەمینەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان تووشی سکچوونی توند دەبن.

سلێمانی کۆلێرای بە هاوکاری خەڵک تێپەراند

سلێمانی کۆلێرای بە هاوکاری خەڵک تێپەراند