عێراق تەماشاوانەو 10 ساڵی بۆ دابنێ

پسپۆڕێکی سەربازی و فڕۆکەوانی بۆ 964: ئەم شەڕە لە ئاسمان تەواو نابێت.. ئەمە نهێنییەکانە

964+

توانا نەقی

ئەم شەڕە لە ئاسمان کۆتایی نایەت، یان رێک دەکەون یاخود ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت ئێران بخەن دەبێ لەسەر زەمین دابەزن، ئەگەر شەڕەکە بووە زەمینیش ئیسرائیل نایباتەوە، ئەمە هەموو قسەی عەمید سەلام ئەسعەدە.

عەمید سەلام ئەفسەری خانەنشینی سوپای عێراقییە، پسپۆڕی فڕۆکەوانی و شارەزای سەربازییە، یەکێکە لەو کەسانەی بەوردی توانای خوێندنەوەی حەوسەڵەی سەربازی هێزە شەڕکەرەکانی هەیە، لە ستۆدیۆی 964 میوانداری کردبوو بۆ ئەوەی لەبارەی ئەم شەڕەوە لێی بپرسین ئاخۆ کامیان بەهێزترن، ئیسرائیل یان ئێران؟ بژاردەکانی هەریەک لەم دوو هێزە چین؟

عەمید سەلام ئەسعەد باسی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل لەم شەڕەدا ئاسمانی کۆنترۆڵ کردووە، نهێنی ئەمەش بۆ دوو لایەنی سەرەکی دەگەڕێتەوە: یەکەمیان توانای ئاسمانی ئیسرائیل و دووهەمیشیان توانای هەواڵگری ”چونکە ئیسرائیل لە رێی مۆسادەوە هەر زوو سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی ئێرانی لە ناو بردو ئێستا ئێران نازانێت کەی و لە کوێ فڕۆکەکان دەفڕن.

لەبەرامبەردا فڕۆکەکانی ئێران زۆر کۆنن و بۆ سەردەمی شا دەگەڕێنەوە ”ئەو فڕۆکانەی ئێران هەیەتی لە وڵاتانی تر خراونەتە مۆزەخانەوە”.
عەمید سەلام موکوڕە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەم شەڕە لە ئاسمان بمێنێتەوەو هەردوو لایەنی ئێرانی و ئیسرائیلی پشتیوانی نێودەوڵەتییان هەبێت، ئەوا ”هەتا 10 ساڵی تر شەڕ کۆتایی نایەت”، بۆ ئەوەش نموونەی شەڕەکەی ئۆکرانیا و روسیا دەهێنێتەوە.

کاتێک قسە دێتە سەر هێزی زەمینی، عەمید سەلام دەڵێت: ئیسرائیل شەڕی زەمینی لە ئێران ناباتەوە، جوگرافیای ئێران و زۆری هێزە چەکدارەکانی یارمەتیدەرە”.
لە بارەی نهێنی هێرشە شەوانەکانی ئێران، باسی ئەوە دەکات کە سیستەمی پلانە سەربازییەکانی ئێران هەموو کات وا بووە کە بەشەو هێرش دەکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی شەڕی شەوانە ترس دەخاتە دڵی بەرامبەر.

کاتێک پرسیاری ئەوەمان لێکرد بۆچی عێراق لەم شەڕەدا هیچ ناڵێت و هیچ ناکات، عەمید سەلام ئەسعەد دەڵێت ”توانای هێزی ئاسمانی عێراق سفرەو دەبێت هەر تەماشاوان بێت”.