تا لە تینوێتی رزگاریان بكەن
له ئاغجەلەر گۆلە ئاو بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێویيەکان دروستكران
964+
محەمەد فاتیح
هاوینە و گیانلەبەرەكانیش وەک مرۆڤ هەست بە گەرما و تینوێتی دەكەن و لە هەنگاوێكی مرۆییدا پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاغجەلەر دەستیانكرد بە دروستكردنی گۆلە ئاو بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ژێر ناونیشانی “کارێک بۆ خزمەتی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە ئاغجەلەر” بڵاویكردەوە، بەهۆی وەرزی گەرما و کەمئاوی، مەترسی لەسەر ژیانی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دروست دەبێت و تا رادەیەک دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە سەخت دەبێت بۆیان، یاخود تینوێتی زۆریان بۆ بهێنێت لە ئاوەدانی نزیکدەبنەوە، ئەوەش دووبارە مەترسی راوکردن و بوونە نێچیريان لەلایەن راوچییەکانەوە زیاتر و ئاسانتر دەبێت.
دەشڵێت، لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی و خزمەتکردن و پاراستنی گیانی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، ئەفسەر و کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاغجەلەر، بە هاوکاری و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی ئاغجەلەر و فەرمانگەی ئاوی ئاغجەلەر دەستیانكرد به دروستکردنی چەند گۆلە ئاوێک لە ناوچە دوورە دەستەکان، تا ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بتوانن بە ئاسانی ئاوی پێویستیان دەست بکەوێت .
وتيشى، “ئەو ناوچانەی گۆلە ئاوەكانی لێ دروست کراوە لەژێر چاودێریدایە و رێگە نادرێت هیچ کەس زیانیان پێ بگەیەنێت”.