لە سعودیە لەدایکبوو

حاجی محەمەدی بچووک گەیشتەوە کوردستان

964+

ئاکام غەفور- سۆران

خێزانێکی دانیشتووی قەزای خەلیفان، کە ئەمساڵ بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج روویان لە مەککەی پیرۆز کردبوو، بە دیارییەکی خوداییەوە گەڕانەوە شارەکەیان، ئەوەى سەرنجڕاکێش بوو لە گەشتی حەجەکەیاندا منداڵێکیان بوو و ناویان نا محەمەد کە بە حاجى محەمەدى بچوک ناسراوە.

حاجی یەحیا قادر، باوکی منداڵەکە، بە 964ـی وت: “سوپاس بۆ خوا دوای ئەوەی بڕیارماندا فەریزەی حەجی ئەمساڵ لەگەڵ خێزانەکەم بەجێبگەیەنین، خودای گەورە لەوێ ئەم دیارییە جوانەی پێبەخشین. بەجۆرێک دڵم خۆشە نازانم چۆن دەریببڕم و سوپاسی خودای گەورە دەکەم.”

یەحیا باسی ئەو ساتانە دەکات کە وای لێکردوون ناوی “محەمەد” بۆ کوڕەکەیان هەڵبژێرن و دەڵێت: دوای چوون بۆ خزمەت قەبری موبارەکی پێغەمبەر (د.خ) و سەردانکردنی چەند شوێنێکی پیرۆزی دیکە لەوێ کۆرپەکەمان لەدایکبوو، بڕیارماندا ناوی بنێین “محەمەد”، ئێستاش خەڵک و کەسوکارمان بە “حاجی محەمەدی بچووک” ناوی دەهێنن.

سەبارەت بە ناسنامە و چارەنووسی منداڵەکەیان، حاجی یەحیا دەڵێت، رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە (ئیقامە) لە وڵاتی سعودیە و بڕیارە دوای چوار مانگی دیکە وەڵامی کۆتاییان پێبدرێت.

جەختیشى کردەوە کە تەندروستى حاجى محەمەدى بچووک و دایکەکە باشە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بەرەکەتى حەج بۆ کورد لە دایکبوونى حاجى محەمەد بوو

بەرەکەتى حەج بۆ کورد لە دایکبوونى حاجى محەمەد بوو