شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان - فۆتۆ پەرلەمانی عێراق
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق:
“هەوڵەكانمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ هەوڵەكانیان لە رووی یاسایی و ئیداری بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵا لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، شەوی رابردوو لە بەغدا لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداریی كردووە، كە تێیدا باسی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان باس كردووە.
هەروەها دەڵێت، كۆبوونەوەكە لە بارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و مەترسییەكانی بۆ سەر عێراق بوو، بەڵام بە لای ئەو كێشەی موچە گرنگترین بابەت بووە و هەندێك لە ئەندامانی كۆبوونەوەكەش لەگەڵی هاوڕابوون.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەر لە شەوی رابردوودا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی دیكەی لە بارەی پرسی موچە ئەنجام داوە.
هەروەها دەڵێت، ئەمڕۆ هەوڵەكانیان لە رووی یاسایی و ئیدارییەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە بەردەوام دەبن.
نزیكەی 50 رۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان موچەیان وەرنەگرتووە و رۆژانی جەژنیشیان بەبێ موچە بەڕێكرد، كە موچەی مانگی پێنجە، ئەمە لە كاتێكدایە مانگی شەشیش نیوەی تێپەڕاند.