ئەوانەی لە وڵاتانی دەرەوە گیریان خواردووە

هاوڵاتیانی كورد چۆن دەتوانن لە رێگەی توركیاوە بگەڕێنەوە هەرێم؟

964+

محەمەد فاتیح

حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئاسانكاریی وڵاتی توركیا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە، كە بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ هەرێم و عێراق گیریان خواردووە، راگەیەندراوێکی بڵاوكردەوە

راگەیاندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هاونیشتیمانی ئازیز، دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی هاونیشتمانیان و گەڕاندنەوەیان بە سەلامەتی کە گەشتەکانیان بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕاگیراوە، بۆ هەموو ئەو هاونیشتیمانیانەی کە پەیوەندیتان بە هێڵە گەرمەکانەوە کردووە یاخود فۆرمی ئۆنلاینی تایبەتان پڕکردووەتەوە و ئەوانەش لەهەرشوێنێکی تری جیهان گیرتان خواردووە، تکایە بفەرموون بەئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

1- سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیپلۆماسییەکانی تورکیا (کۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، راستەوخۆ بەڕێزتان ڤیزای ترانزێتی (3) ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان.

2-  پێویستە ئەو تکێتەی کە پێی دەگەڕێتەوە وڵاتی تورکیا لە رێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.

3- هاونیشتمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببەوە:

• دڵنیا ببەوە لەوەی کە تکێتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کونسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، چونکە مەرجە تکێتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تا سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.

• دڵنیاببەوە لەوەی کە (72) کاتژمێرەکەت دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو وڵاتە، چونکە ڤیزشکە تەنیا بۆ (72) کاتژمێرە.

• پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزشی وڵاتی تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیەکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.

• ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمێنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیپلۆماسییەکان، تا سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە.

بۆ زانینی بەڕێزتان ئەو کارئاسانییە کاتییە و تەنیا تا کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.

تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک هەمان هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێی تیمەکانی پێشوازییەوە لە پێشوازی بەڕێزتانەوە و ئاسانکاری تەواویان کردووە و لە چاوەڕوانیتاندان.

ئەو هاوڵاتیانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تا هەر هاونیشتمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.

“هیوای گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆ هەموو لایەک”.

گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی نێوان عێراق و لوبنان دەستیپێک...

گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی نێوان عێراق و لوبنان دەستیپێکردەوە